964 لە تەندروستیی باوکی ئارام سەردار دەپرسێت

تەمەنێک لەگەڵ شووشە، سەرەنجام شووشە مەچەکی بڕی

دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى

دوای ئەوەی لە رووداوێکی نەخوازراودا مەچەکی بڕا و 13 کاتژمێر لە ژێر نەشتەرگەریدا بوو، تۆڕی 964 سەردانی ماڵی سەردار عەبدولقادر، باوکی هونەرمەند (ئارام سەردار)ـی کرد، بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخی تەندروستیی.

سەردار عەبدولقادر، کە تەواوی تەمەنی پیشەکەی کارکردن بووە بە شووشە، هەر بەهۆی شووشەشەوە تووشی ئەو رووداوە بوو کە تیایدا مەچەکی بڕا. دوای رووداوەکە، لە شاری سلێمانی نەشتەرگەرییەکی ورد و قورسی بۆ کرا کە 13 کاتژمێری خایاند.

لە لێدوانێکدا بۆ 964، سەردار عەبدولقادر دڵنیایی دا لەبارەی تەندروستییەوە و وتی: “ئێستا تەندروستیم باشە، دکتۆرەکان لێرە ئیشێکی زۆر باشیان بۆ کردووم.”

لەلایەکی دیکەوە، سەرگوڵ نەجمەدین، دایکی ئارام سەردار، کە بەردەوام لە خەمی تەندروستیی هاوسەرەکەیدایە، بۆ 964 باسی لە رێنماییە توندەکانی پزیشک کرد و وتی: “دکتۆرەکان پێیان وتووین بۆ ئەوەی نەشتەرگەرییەکە بەتەواوی سەرکەوتوو بێت و برینەکەی ساڕێژ بێت، بە هیچ شێوەیەک نابێت جگەرە بکێشێت.”

بۆیە وەک خۆی دەڵێت، ئێستا ئەرکی سەرەکیی سەرگوڵ خان ئەوەیە، بەردەوام چاودێریی هاوسەرەکەی بکات بۆ ئەوەی رێگری لێ بکات لە کێشانی جگەرە، تا ئەو قۆناغە سەختەی چاکبوونەوە تێدەپەڕێنێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح