شارەوانی خەمی سەلامەتی خەڵکیەتی

لە چەمچەماڵ هەزار و 300 سەگی بێلانە کۆکراونەتەوە

ئەحمەد مستەفا

شارەوانی چەمچەماڵ قۆناغی دووەمی هەڵمەتی گواستنەوەی سەگە بێلانەکان بۆ شەڵتەرەکانی بەخێوکردن دەستپێکرد، هەنگاوێک کە بە ئامانجی پاراستنی سەلامەتی و ئاسایشی هاوڵاتیان بەردەوامی پێدەدات.

لە قۆناغی یەکەمی ئەم هەڵمەتەدا، زیاتر لە هەزار و 300 سەگی بێلانە لە کۆڵان و گەڕەک و شەقام و شوێنە گشتییەکانی چەمچەماڵ کۆکراونەتەوە و گواستراونەتەوە بۆ شەڵتەرەکانی بەخێوکردن.

بەپێی زانیارییەکانی شارەوانی چەمچەماڵ کە بڵاوی کردوونەتەوە و 964 بینوویەتی، بڕیار دراوە قۆناغی دووەمی هەڵمەتەکە دەست پێبکاتەوە و کارەکان بە شێوەی رۆژانە بەردەوام بن.

ئەم هەڵمەتە لەلایەن شارەوانی چەمچەماڵەوە سەرپەرشتی دەکرێت و تیمەکانی کۆکردنەوە لە ناوچە جیاوازەکانی شاردا کار دەکەن.

شارەوانی ئاماژەی بەوە کردووە کە بەردەوامبوونی هەڵمەتەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی سەگە بێلانەکان لە ناوچە نیشتەجێبوون و شوێنە گشتییەکانە و بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی ئارامتر و سەلامەتتر بۆ دانیشتووانی قەزاکە.