قەرزەکان هەرماون

دەستەى راگەیاندن و گەیاندنى عێراق: داخستنى کۆڕەک بەردەوامە

وریا فەتاح

دەستەی راگەیاندن لە ڕاگەیەندراوێکدا کە کەمێک پێش ئێستا بڵاویکردەوە، روونیکردووەتەوە کە بڕیارەکەی ئەمڕۆ (28/9/2026)ی دادگای بەرایی رەسافە تەنیا پەیوەستە بە خشتەبەندیکردنی دانەوەی قەرزەکان و کاراکردنەوەی رێککەوتنی پێشووی نێوانیان، نەک پێدانی مۆڵەتی کارکردن.

دەستەکە دەڵێت: “بڕیارەکەی دادگا هیچ ئاماژەیەکی تێدا نییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێکارەکانی داخستنی بارەگاکانی کۆڕەک، چونکە رێکارەکانی داخستن پەیوەندی بە تەواوبوونی ماوەی مۆڵەتی کارکردنی کۆمپانیاکەوە هەیە لە رێکەوتی (30/8/2022)، بۆیە تا بڕیارێکی روونی دادگا دەرنەچێت، داخستنەکە بەردەوام دەبێت”.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، (CMC) هۆشداری دەداتە کۆڕەک کە کردنەوەی هەر بارەگایەک بەبێ رەزامەندی ئەوان، لێپێچینەوەی یاسایی بەدوادا دێت، ئاماژەی بەوەشکردووە کە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگا کۆمپانیاکە لە قەرزەکان نابەخشێت و دەبێت پارەی دەوڵەت بداتەوە، دەستەکەش لە کاتی خۆیدا تانە لەو بڕیارەی دادگای رەسافە دەدات.

ئەم وەڵامە توندەی دەستەی راگەیاندنی عێراق پاش ئەوە دێت، ئێوارەی ئەمڕۆ کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، کە لە دادگای رەسافە سکاڵایان بردبووەوە و دادگا بڕیاری (2/6/2026)ی دەستەی راگەیاندنی هەڵوەشاندووەتەوە کە بە تاکلایەنە “گرێبەستی یەکلاکردنەوەی دارایی” نێوانیانی هەڵوەشاندبووەوە، بەمەش گرێبەستە داراییەکە دووبارە کارا کراوەتەوە.

کۆڕەک لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، وێڕای دڵنیاییدان بە بەشداربووانی بۆ پاراستنی مافەکانیان لەبەرامبەر ئەو “شاڵاوەی” کراوەتە سەریان، داواشی لە دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق کردبوو لاپەڕەیەکی نوێی دوور لە ناکۆکی بکاتەوە و کۆسپ لەبەردەم کارەکانیان دروست نەکات، تاوەکو دوور لە رێوشوێنی ستەمکارانە، پێکەوە خزمەتی بەشداربووان بکەن.