گرانى نرخى مازۆت ژیانى هاوڵاتیانى قورس کردووە

لە رۆژئاواى کوردستان:

گەرناس مەعۆ- عاموودا

بەرزبوونەوەی نرخی مازۆت (گازوایل) بارگرانییەکی سەختی لەسەر شانی هاوڵاتییانی رۆژئاوای کوردستان دروست کردووە، بە جۆرێک بەشێک لە دانیشتووان لە سەرمادا نەیانتوانیوە سۆپا دابنێن، لە بەرامبەردا وەستایەک لە شاری عاموودا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گرانیی مازۆت، سۆپایەکی دروست کردووە کە بە توێکڵی چەرەزات کار دەکات.
فەرەیدون قجو، هاوڵاتییەکی شاری عاموودایە بۆ 964 قسەى کردووە و دەڵێت تا ئەم خولەکە نە خۆی و نە کەس لە عاموودا سۆپایان دانەناوە.

بە وتەی ئەو، دۆخەکە زۆر قورسە و خانووەکانیان چیمەنتۆن و سەرمایە، هیچ جێگرەوەیەکیش نییە و ئەوەی هەیە لە مازۆت خراپترە، بۆیە هیواخوازە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەکە بکرێت.
هەر لەبارەی گرانیی سووتەمەنییەوە، هاوڵاتییەکی دیکە بە ناوی سەڵاح ئیبراهیم ئاماژە بەوە دەکات، بەو نرخانەی حکومەت دیاری کردووە، نە کەسی هەژار و نە خەڵکی دیکەش ناتوانن مازۆت بکڕن، چونکە نرخەکە زۆر بەرزە و دەبێت رۆژانە 150 هەزار بۆ مازۆت خەرج بکرێت.
سەڵاح ئیبراهیم دەپرسێت “لە کوێ بیهێنین؟ خەڵک بە زۆر ژیانی دەگوزەرێنێت و هیچ بەدیلێکیش نییە”، هاوکات رەخنە لە بەرپرسان دەگرێت و دەڵێت، پێویستە حکومەت پێداچوونەوە بکات و بزانێت خەڵک چی پێویستە، چونکە “نە پارێزگار، نە بەرپرسی وزە و نە کەس دەرنەکەوتووە و میللەت خۆی خەمی خۆی دەخوات”.
لە بەرامبەر ئەم قەیرانە و بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ نرخی مازۆت، هەمزە ئیبراهیم کە وەستای دروستکردنی سۆپایە، سۆپایەکی جێگرەوەی دروست کردووە.
وەستا هەمزە دەڵێت، بیرۆکەی سۆپاکەی لە قامیشلۆوە بۆ هاتووە و ماوەی ساڵێکە بیری لێدەکاتەوە تا ئەمساڵ بەرهەمی هێناوە. وەک خۆی روونی دەکاتەوە، سۆپاکە بە توێکڵی بندوق، فستق، گوێز و هەموو جۆرەکانی چەرەزات کار دەکات، کە ئەمڕۆ نرخی تەنێک توێکڵی بندوق 400 دۆلارە و تەنێک توێکڵی فستقیش 500 دۆلارە.
وەستاکەی قامیشلۆ ئەوەشی خستەڕوو، سۆپاکە زۆر باش کار دەکات و ئەو کەسانەی دەیکڕن دەگەڕێنەوە لایان، ڤیدیۆی کاتی کارکردنی سۆپاکەیان بۆ دەنێرنەوە و زۆر بە دڵیانە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح