شایەتحاڵێک و کەسوکاری بریندارەکان وردەکاریی رووداوە سەختەکەی رێگای پردێ دەگێڕنەوە

964+

کاروان ساڵحی کەرکوک

دوای رووداوە دڵتەزێنەکەی ئەمشەوی سەر رێگای نێوان کەرکوک – پردێ، شایەتحاڵێک و کەسوکاری یەکێک لە بریندارەکان وردەکاریی چۆنیەتی پێکدادانی ئۆتۆمبێلەکان و دیمەنی دوای رووداوەکە دەگێڕنەوە.

هێرش نوری، کە ئامۆزای یەکێک لە سەرنشینەکانی ناو ئۆتۆمبێلی جۆری (کادیلاک)ـەکەیە، بۆ 964 دەڵێت؛ بەپێی قسەی پۆلیسی هاتوچۆ، ئۆتۆمبێلێکی جۆری (پیکاب – دێر) بە پێچەوانەی ئاراستەی شەقامەکە (رۆنگ ساید) هاتووە و خۆی بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (تۆیۆتا یارس)ـدا کێشاوە، دواتریش یارسەکە خۆی بە کادیلاکەکەدا کێشاوە و کادیلاکەکەش وەرگەڕاوە.

دەشڵێت: “بە چاوی خۆم سەرنشینەکانی ناو یارسەکەم بینی کە سێ کەسیان دەستبەجێ گیانیان لەدەستدابوو، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامۆزاکەی دەستی شکاوە و دۆخی تەندروستی خێزانەکەشی جێگیر نەبووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراون.

وریا کامیل، کە شایەتحاڵی رووداوەکە بووە، هەمان زانیاری پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت، پیکابەکە لە سایدی هەولێرەوە بەرەو کەرکوک بە پێچەوانەوە (رۆنگ ساید) هاتووە، لە کاتێکدا ئۆتۆمبێلەکانی دیکە لە کەرکوکەوە بەرەو هەولێر دەڕۆیشتن؛ سەرەتا خۆی بە ئۆتۆمبێلە یارسەکەدا کێشاوە و دواتریش کادیلاکەکە لە پشتەوە خۆی پێدا کێشاوە.

بەوتەی ئەو شایەتحاڵە، لە ئەنجامی رووداوەکەدا شۆفێری پیکابەکە و سەرنشینانی ناو یارسەکە قوربانییان هەیە و گیانیان لەدەستداوە، سەرنشینانی کادیلاکەکەش بریندار بوون.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح