دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر
سلێمانی بێ کارەبایە و هاوڵاتیان بە تاریکی لەناو ماڵەکانیان دانیشتوون
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، ئەمشەو زۆربەی گەڕەکەکانی سلێمانی بێ کارەبان و هاوڵاتیان بە تاریکی لەناو ماڵەکانیان دانیشتوون.
پەیامنێری 964 چووەتە گەڕەکی بەختیاری کە یەکێکە لە گەڕەکە راقییەکانی سلێمانی، پرس و جوی کردووە و بۆی دەرکەوتووە کە گەڕەکەکە بێ کارەبایە و تەنانەت مۆلیدەکانیش هەڵنەکراون بۆیە ناو ماڵەکان تاریکستانە.
سەرچاوەیەک لە کارەبای سلێمانی بە 964ـی وت، لە ئێستادا دەتوانن تەنیا سێ بۆ چوار کاتژمێر کارەبای نیشتمانیی بدەن و خاوەن مۆلیدەکانیش دەڵێن، تا ئێستا هیچیان پێ نەوتراوە لەسەر کارپێکردنی مۆلیدەکانیان.
درەنگانی شەوی رابردوو بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناوچەی قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵ و تەقینەوەیەکی گەورە روویدا، دوای ئەوە بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە راوەستا و کارەبای نیشتمانی ناوچەکانی کوردستانیش بۆ چەند سەعاتێک کەمکرایەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری