کارمەندێکی پۆلیسی هاتوچۆ لەسەر شەقام - وێنە: 964
لە شەقامەکانی سلێمانی
هەنگاوی نوێی هاتوچۆ بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی بەیانیان
ئەحمەد مستەفا
لە کاتێکدا بەیانییەکانی سلێمانی بە هاتن و رۆشتنی خوێندکاران و پاس و تاکسییەکانی گواستنەوە قەرەباڵغ دەبن، هاتوچۆی سلێمانی هەوڵ دەدات بە کۆمەڵێک رێکار، رێکخستنی هاتوچۆ و سەلامەتی گواستنەوەی خوێندکاران باشتر بکات.
موقەدەمی هاتوچۆ، دانا عوسمان، نوێنەری هاتوچۆ لە قایمقامیەتی سلێمانی، بە رادیۆی فەڕمی هاتوچۆی سلێمانی وتووە، سەرجەم تیم و مەفرەزەکانی هاتوچۆ لە کاتەکانی بەیانی ئامادەن و بۆ ئاسانکردنی هاتوچۆ و رێگریکردن لە دروستبوونی قەرەباڵغی کار دەکەن.
لە هەمان کاتدا، دانانی سیستەمی GPS بۆ پاس و تاکسییەکانی گواستنەوەی خوێندکاران لە قۆناغی کۆتاییدایە، ئەم سیستەمە دەتوانێت کاتی هاتن و رۆشتن و خێرایی ئۆتۆمبێلەکان دیاری بکات و چاودێرییەکی زیاتر لەسەر پرۆسەی گواستنەوە دابین بکات.
لە ناوەندەکانی خوێندنیش لیژنەی هاتوچۆی خوێندکاران دروستکراوە بۆ رێکخستنی کاتی هاتن و رۆشتنی پاس و تاکسییەکان، هەندێک قوتابخانە رۆژانە تا 25 پاس و تاکسی بۆ گواستنەوەی خوێندکاران لە هەردوو دەوام بەکاردەهێنن.
هەروەها هاتوچۆی بارھەڵگرەکان لە کاتژمێر 07:00 تا 09:00ی بەیانی قەدەغەیە، هاتوچۆش جەخت دەکاتەوە لە لێپێچینەوە لەو ئۆتۆمبێلانەی مەرجەکانی سەلامەتی رەچاو ناکەن یان ژمارەی سهرنشینەکانیان لە سنووری دیاریکراو زیاترە، بەپێی ئەم رێکارانە، نابێت لە یەک کاتدا دوو وەجبەی خوێندکار بە یەک ئۆتۆمبێل بگوازرێنەوە.