ئێران و قه‌ته‌ر هاوبه‌شن

ئاگر له‌ سه‌كۆی غازی پارس كه‌وته‌وه‌

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

وەزارەتی نەوتی ئێران رایگه‌یاند، ئاگر لە یەکێک لە سەکۆکانی کێڵگەی غازی پارسی باشووری ئێران کەوتەوە و ئاماژەیان بەوەدا، سەکۆکە بە تەواوی چۆڵکراوە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی ئەندازیارەکان.

وەزارەتەکە ئه‌مشه‌و سێشەممە بڵاویكرده‌وه‌، ئاگرەکە چەند خولەکێک پێشتر دەستیپێکردووە و دۆخی سەکۆکە بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵکراوە.

بریکاری وەزیری نەوت رایگەیاند، کە پلاتفۆرمەكه‌ 14.5 ملیۆن مەتر سێجا غاز بەرهەم دەهێنێت لە کۆی گشتی زیاتر لە 700 ملیۆن مەتر سێجا، کە لەلایەن کێڵگەی باشووری پارسەوە بەرهەم دەهێنرێت.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شیان باس كردووه‌، هۆکاری ئاگرەکە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، دزەکردنی غاز یان رووداوێکی ئۆپەراسیۆن لە نێو ئەو ئەگەرانەدایە کە لەبەرچاو دەگیرێن.

هاوکات بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی کۆمپانیای نەوت و غازی پارس رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانی کوژاندنەوەی ئاگره‌كه‌ لە یەکێک لە سەکۆکانی غازی قۆناغی 14 تەواو بووە و ئێستا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراوە.

کێڵگەی غازی پارسی باشوور لە ئێران کە لەگەڵ قەتەر هاوبەشە، گەورەترین کێڵگەی گازی سروشتی جیهانە، کە یەدەگی نزیکەی 51 تریلیۆن مەتر سێجا غازی هەیە، دەکەوێتە ئاوەکانی کەنداوی فارس و بە شێوەیەکی باو لە لایەن قەتەرەوە بە مەیدانی باکوور ناوی دەبەن.