شەوی رابردوو چی روویدا؟

ترەمپ بانێکە و دوو هەوا و سوپای پاسدارانیش هەڕەشە دەکات

شۆڕش قادری

ترەمپ هەڕەشەی لەناوبردنی تەواوەتی ئێران دەکات و سوپای پاسدارانیش دەڵێت، خراپتان لێ دەقەومێ، بە خوێندنەوەی ئەم چەند دێڕە، کورت و پوخت بزانە شەوی رابردوو چی روویداوە؛

-دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە کەناڵی فۆکس نیوزی راگەیاند، سەرقاڵی بڕیاردانە لەسەر ئێران و بەمزووانە رووداوگەلێکی زۆر گرنگ لەبارەی ئەو وڵاتەوە روودەدەن.

-ترەمپ: ئەو بژاردانەی ئێستاکە لەسەر مێزن، بریتین لە؛ لەناوبردنی یەکجارەکی ئێران، داڕمانی ئابووری، یان گەیشتن بە رێککەوتن.

-ترەمپ: پرسیاری من ئەوەیە، کەی و چۆن تەواوی ئێران بتەقێنینەوە.

-ترەمپ وەک هەمیشە بانێکە و دوو هەوا و لەکاتێکدا هەڕەشە لە ئێران دەکات، دەڵێت، باشترە ئێرانییەکان رەفتارەکانیان چاک بکەن و ئامادەشم لە پەراوێزی لوتکەی کۆمەڵەی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، لەگەڵ مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران کۆببمەوە.

-پێش ئەو لێدوانەی ترەمپ، قەرارگای خاتەمولئەنبیای سەربە سوپای پاسداران رایگەیاند، زانیاریمان بەدەست گەیشتووە کە ئەمریکا بەنیازە بە هەڵکردنی گڵۆپی سەوز لەلایەن وڵاتانی ناوچەکە، چەند کردەوەیەک دژبە ئێران دەستپێبکاتەوە.

-خاتەمولئەنبیا: لە ئەگەری هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ئێران، هەموو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە دەکەینە ئامانج.

-بەیانی ئەمڕۆ لە تاران، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران یەکەم زەنگی خوێندنی ئەمساڵی لێدا و پڕۆسەی خوێندن لەو وڵاتەش دەستیپێکردەوە.

-سێنتکۆم: گەمارۆی دەریایی سەر ئێران بەردەوامە و تاوەکو ئێستا رێڕەوی 109 کەشتی بازرگانیمان گۆڕیوە.

لەناوخۆش ئەم هەواڵانە هەبوون؛

-شەوی رابردوو، منداڵێک تەمەن سێ ساڵ کەوتە ناو بیرێکەوە لە ناحیەی گوێر، دوای نزیکەی شەش کاتژمێر دەرهێنرا و لە رێگادا بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

-جارێکی دیکە دانیشتووانی پێنجوێن دژی پڕۆژە رووناکی هاتنەوە سەر جادە و دەستیان بە خۆپیشاندان کرد، بڕیارە ئەمڕۆش دوکان و بازاڕ نەکەنەوە.

-تازەترین مۆدێلی تۆیۆتا هایلۆکس کە تابڵێی کەشخە و دڵڕفێنە، لە شاری سلێمانی نمایش کرا و پزیشکێکیش وەک یەکەم کەس ئۆتۆمبێلەکەی کڕی.

-لیو جیون کونسوڵى گشتیى چین لە هەرێمى کوردستان ماڵئاوایی کرد و لە مەراسیمەکەشدا وتى، “جگە لە چیاکان چینیش دۆستێکی باشی گەلی کوردە”.