باڵەخانەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێم
"رێکاری یاسایی دەگرینەبەر"
وەزارەتی ئەوقاف هۆشداری لە بێڕێزیکردن بە پیرۆزییە ئایینییەکان دەدات
964+
وریا فەتاح
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی هەر جۆرە بێڕێزیکردن و بریندارکردنی هەستی ئایینیی هاووڵاتییان دەکات و رایدەگەیەنێت، بە مافی خۆی دەزانێت رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران بگرێتەبەر.
وەزارەتی ئەوقاف جەختی لەوە کردووەتەوە کە سەرجەم دروشمە پیرۆزەکانی ئایین بە تەواوی رێزلێگیراون و دەڵێت: “هەر بەڕێزێک بیروبۆچوونێکی جیاوازی هەبێت، نابێت بە بەکارهێنانی هەندێک دەستەواژە هەستی بەرامبەر بریندار بکات، چونکە هەر سەرپێچییەک لەم شێوەیە دەچێتە خانەی ناوزڕاندن و کلتووری هەرێمی کوردستان لە دەربڕینی لەو شێوەیە دوورە.”
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە پێکەوەژیانی ئایینی لە هەرێمی کوردستان مێژوویەکی دێرینی هەیە و مایەی شانازیی هەمووانە، بۆیە وەزارەت ئیدانەی هەر کارێک دەکات کە ببێتە هۆی تێکدانی ئەم ئارامییە یان بریندارکردنی هەستی باوەڕداران، و بۆ ئەم مەبەستەش پەنا بۆ رێکارە یاساییەکان دەبات.