بۆ تره‌مپ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌

ده‌نگدانی پێشوه‌خته‌ له‌ ئه‌مریكا ده‌ستیپێكرد

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

ده‌نگدانی پێشوه‌خته‌ی هه‌ڵبژاردنی نیوه‌ی خولی كۆنگرێسی ئەمەریکا لە ویلایەتی تێکساس دەستیپێکرد.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكرده‌وه‌، سه‌ره‌ی درێژی دەنگدەران زوو لە بنکەیەکی دەنگدان لە شاری هیوستن سه‌ر به‌ ویلایه‌تی تێكساس دروست بووه‌.

خەڵکی ویلایەتی تێکساس تا 3.11.2026 مۆڵەتیان هەیە لە نێوان کاندیدەکانی دیموکراتەکان کە سەرنجیان لەسەر پرسە ئابوورییەکانە و کاندیدەکانی کۆمارییەکان، کە هاوتەریبن لەگەڵ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، هه‌ڵبژێرن.

هەروەها دەنگدەران حاكمی داهاتووی ویلایەتەکە هەڵدەبژێرن، له‌وانه‌ گرێگ ئابۆتی کۆماریخوازی تەمەن 68 ساڵ، کە داوای خولی چوارەمی دەکات، یان دیموکرات جینا هینۆخۆسا، پارێزەرێکی تەمەن 52 ساڵ، کە راپرسییەکان دەریدەخەن بە جیاوازییەکی کەم پێشەنگی گرتووە.

لە کێبڕکێی ئەنجومەنی پیران، جەیمس تالاریکۆی دیموکرات کە مامۆستایه‌كی پێشووه‌ و تەمەنی 37 ساڵە، توانیویەتی دەنگدەران کۆبکاتەوە، بەمەش پێشەنگییەکی کەمی بەسەر کێن پاکستۆنی تەمەن 63 ساڵدا به‌ده‌ستهێناوه‌، کە داواکاری گشتیی ئێستای ویلایەتەکە و هاوپەیمانی ترەمپە.

هەردوو ركابه‌ر جینا هینۆخۆسا و جەیمس تالاریکۆش نوێنەرایەتی نەوەی نوێی دیموکراتەکان دەکەن، کە هەوڵدەدەن بانگەوازی دەنگدەرانی سەربەخۆ و ئەمریکییەکان بکەن کە بەهۆی شەڕەکانی سەرۆک تره‌مپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان بێهیوا بوون، هەروەها هیوادارن دەنگدەرانی لاتینی بەدەست بهێننەوە، کە لە ساڵی 2024دا مەیلیان بەرەو ئەو تره‌مپ کێشاوە و ناڕەزایی خۆیان دەربڕیوە لە سەرکوتکردنی کۆچبەران، کە وڵاتەکە لە سەرەتای خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیەوە به‌خۆیه‌وه‌بینیوه‌.

هەڵبژاردنی نیوەی خول چییه‌؟

هەڵبژاردنی نیوەی خول، پرۆسەیەکی هەڵبژاردنی گشتییە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە بۆ نوێکردنەوەی پێکهاتەی دەسەڵاتی یاسادانان (کۆنگرێس) ئەنجام دەدرێت و ئه‌مجاره‌ له‌ 3.11.2026 به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

هۆکاری ناونانی بە نیوەی خول، ئەوەیە کە لە ناوەڕاستی خولی چوار ساڵەی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا ( دوو ساڵ دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار) بەڕێوەدەچێت، لەم هەڵبژاردنەدا سەرۆک هەڵنابژێردرێتەوە، بەڵکو ململانێ لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی کۆنگرێسە و بۆ نوێکردنەوەی پێکهاتەی دەسەڵاتی یاسادانانه‌.