تووشى شێرپەنجەى سییەکان بووە

وای نەشتەرگەریی شێرپەنجە، تەندروستیی پاپا لیۆ بەرەو باشبوون دەچێت

964+

وریا فەتاح

بەپێى راگەیەندراوێکى ڤاتیکان رایگەیاند کە دۆخی تەندروستیی پاپا لیۆ بە شێوەیەکی جێگیر بەرەو باشبوون دەچێت، ئەمەش دوای ئەوەی رۆژی سێشەممەی رابردوو نەشتەرگەرییەکی بۆ لابردنی وەرەمێکی شێرپەنجەیی لە سییەکانیدا بۆ ئەنجامدرا.

ڤاتیکان ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئێستا پاپا دەتوانێت بەتەواوی و بەبێ یارمەتی کەس، کار و چالاکییە ئاساییەکانی رۆژانەی خۆی ئەنجام بدات.

بەپێی راگەیەندراوەکە، بڕیارە رۆژی یەکشەممە بۆ یەکەمجار لە دوای چوونە نەخۆشخانەوە، پاپا لیۆ لە دەرکەوتنێکی ئاشکرادا دەربکەوێت بۆ خوێندنی نوێژە نەریتییەکەی خۆی. لە هەمان کاتیشدا، ئامادەکارییەکان بۆ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی پاپا بۆ کیشوەری ئەمریکای باشوور لە مانگی 11 (نۆڤێمبەر) بەردەوامن.

سەبارەت بە دۆخە پزیشکییەکەی، پشکنینەکانی دوای نەشتەرگەرییەکە دەریانیخستووە کە پاپا تووشی باوترین جۆری شێرپەنجەی سییەکان بووە. شارەزایانی پزیشکیش دەڵێن، هێشتا پێویست بە ئەنجامدانی پشکنینی زیاتر دەکات بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا شێرپەنجەکە بە جەستەیدا بڵاوبووەتەوە یان نا، ئایا پێویستی بە وەرگرتنی چارەسەری دیکە دەبێت لە داهاتوودا.

جێی باسە، رۆژی سێشەممەی رابردوو پاپا لیۆ گەیەندرایە نەخۆشخانەی جیمێلی لە شاری رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، لەوێ نەشتەرگەرییەکەی بۆ لابردنی وەرەمی سییەکانی بۆ ئەنجامدرا.