دەبێت لە بودجەدا بکرێتە سەروو 14٪

حکومەتی هەرێم پشکی 12.68٪ رەتدەکاتەوە

964+

وریا فەتاح

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دیاریکردنی پشکی هەرێم بە 12.68٪ پێچەوانەی ئەنجامەکانی سەرژمێرییە و حکومەتی هەرێم بە توندی ئەو بڕیارە رەتدەکاتەوە، داواش لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکات بەرگری لە مافی خەڵکی کوردستان بکەن.

دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشەوا هەورامانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری پلاندانان باسی لە ئامارەکان و رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کردووە. بەپێی داتاکانی سەرژمێریی، رێژەی دانیشتووانی هەرێم زیاترە لە 14٪، بەڵام حکومەتی عێراق بڕیارێکی دیکەی داوە و پشکی هەرێمی بە 12.68٪ دیاریکردووە.

وتەبێژی حکومەت وتیشی: قسەی زۆر لەسەر ئەم بابەتە کرا، حکومەتی هەرێم ئەو بڕیارە رەتدەکاتەوە و هەموو رێگەیەکی سیاسی و یاسایی دەگرێتەبەر بۆ راستکردنەوەی ئەو رێژەیە، چونکە 12.68٪ پێچەوانەی سەرژمێرییە.

داواشى لە فراکسیۆنە کوردستانییەکانى ئەنجومەنى نوێنەران کرد کە بەرگری لە خەڵکی کوردستان بکەن لە پرۆژەیاسای بودجەدا. چونکە وەک دەڵێت: ئەمە بابەتێکی سیاسی و حزبی نییە، بەڵکو بابەتێکی نەتەوەییە و پەیوەستە بە حەق و مافی هەرێمی کوردستانەوە، بۆیە دەبێت لە یاسای بودجەی 2027ـدا ئەو رێژەیە جێگیر بکرێت کە لە سەرژمێریدا هاتووە کە زیاترە لە 14٪، نەک 12٪”.

سەبارەت بە پرسی مووچە، وتەبێژی حکومەتی هەرێم جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت مووچەی فەرمانبەران جێگیر بکرێت و بەهیچ شێوەیەک تێکەڵی هیچ بابەت و ململانێیەکی تر نەکرێت.