سەرکەوتوو بێت لە هەموو عێراق دەکرێت

بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک لە دهۆکەوە دەستپێدەکات

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک لە پارێزگای دهۆکەوە دەستپێدەکات، وەزارەتی بازرگانیی هەرێم دەڵێت؛ یەکەم کۆبوونەوەیان کردووە و دەستپێدەکەن.

بەئەلکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک بۆ سەرتاسەری عێراقە، بەڵام سەرەتا لە دهۆکەوە بە شێوەیەکی ئەزموونی دەستپێدەکرێت و دواتر بۆ هەموو عێراق و هەرێم دەگشتێنرێت.

کارەکە بە هاوکاریی بەرنامەی خۆراکی جیهانی و وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی عێراق و هەرێم دەکرێت.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم بە تۆڕی 964ـی راگەیاند: بەدیاریکراوی کاتی دەستپێکردنەکە دیاری نەکراوە، بەڵام زۆر بە زوویی دەست بە دروستکردنی کارتەکان دەکرێت و دەخرێتە بوواری جێبەجێکردنەوە.

کارتی ئەلکترۆنیی پسوولەی خۆراک رزگاربوونە لە کاغەز، ساختە ناکرێت و بۆ مامەڵەکردنی هاوڵاتیانیش ئاسانە.

“کارەکە بەشێکە لە جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی دامەزراوەکانی”، نەوزاد شێخ کامیل وای وت.