بەهۆی دابەشکردنی زەوییەوە
جموجۆڵێکی کەم کەوتووەتە بازاڕی خانووبەرەی سلێمانی
ئەحمەد محەمەد- سلێمانى
دابەشکردنی نزیکەی 27 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لە سنووری پارێزگای سلێمانی، تا رادەیەک جوڵەی خستووەتە بازاڕی خانووبەرەی شارەکەوە، بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی نرخی ئەو زەویانە گونجاوە.
تایەر حاجی عەلی، خاوەنی نووسینگەی خانووبەرە لە سلێمانی، سەبارەت بە دۆخی ئێستای بازاڕ بە 964ـى وت، “بەگشتی بازاڕی خانووبەرە لاوازە و سست بووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەرییەکانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، لەگەڵ ناجێگیریی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار.”
سەرەڕای ئەو سستییە، ئەو شارەزایەی بواری خانووبەرە ئاماژە بەوە دەکات کە دابەشکردنی زەویی فەرمانبەران کاریگەریی ئەرێنیی هەبووە و پێى وایە، بەهۆی ئەوەی نرخی ئەو زەویانە گونجاوە و زۆربەیان لە خوار یەک دەفتەر دۆلارەوەن، خەڵکێکی زۆر سەردانیان دەکەن و پرسیار لەبارەیانەوە دەکەن.
تایەر حاجی عەلی چارەسەری بوژانەوەی تەواوەتی بازاڕی خانووبەرە دەخاتە ڕوو و دەڵێت: “ئەگەر حکومەت دەستپێشخەری بکات و پێشینەکانی خانووبەرە و هاوسەرگیری بکاتەوە، هەروەها پەلە بکات لە گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ ئەو ناوچانەی زەوییەکانی لێ دابەشکراوە، ئەوا بێگومان بازاڕی خانووبەرە بە شێوەیەکی بەرچاو دەبوژێتەوە و جموجۆڵێکی گەورەی تێدا دروست دەبێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح