پێش لێدانى زەنگى قوتابخانە

بەبێ بەرامبەر سەرتاشخانەیەکى خورماڵ سەرى قوتابیان چاک دەکات


ئەمەل ناجى- هەڵەبجە

زەنگی قوتابخانەکان نزیکە و ئامادەکارییەکانیش دەستیان پێکردووە، سەرتاشخانەیەکیش لە ناحیەی خورماڵ بڕیارێکی جوانی داوە، پێنج سەرتاش قۆڵیان لێ هەڵماڵیوە و تەواوی ئەمڕۆیان کردووە بە خۆبەخشی بۆ جوانکردنی پرچ و قژی منداڵان و قوتابیان بێ بەرامبەر.

زەکەریا بەختیار، یەکێک لەو پێنج سەرتاشە دەستڕەنگینەیە، باسی ئەم دەستپێشخەرییەیان بۆ 964 دەکات و وتی: “بەبۆنەی دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکانەوە ئەم کارەمان راگەیاندووە، دەمانەوێت بەم هەنگاوە کەمێک لەو ئەرک و خەرجییەی سەرشانی دایکان و باوکان سووک بکەین.”
ئەوەی جێگەی سەرنجە، کارەکەیان تەنیا کورتکردنەوەیەکی قژى منداڵان نییە، بەڵکو وەک زەکەریا باسی دەکات، بەپێی ویستی منداڵەکان خەت و نەخشی مۆدێرنیان بۆ دروست دەکەن و بە جوانی قژیان بۆ دادەهێنن تا بە دڵخۆشییەوە بڕۆنەوە.
تا کاتژمێر دەورووبەرى 4:00ـى ئەم ئیوارەیە، بە هەر پێنج سەرتاشەکە قژى 70 منداڵیان چاککردووە و دەرگاکەشیان تا کاتژمێر 9:00ـى شەو کراوەیە، وەک ئەوەى زەکەریاش بە 964ـى وت،”ئەگەر منداڵى زیاتر بێت تا کاتژمێر 10:00ى شەویش دەمێنینەوە”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح