سێ رۆژ پێش ئێستاش تەرمی ژنێک لەهەمان شوێن دۆزرایەوە

لە پردی چەمەی سنووری قەزای هەریر تەرمی ژنێکی دیکە دۆزرایەوە

ئاکام غەفور – سۆران

لە سنووری ناحیەی دارەشەکران ولەپردی چەمە  ئەو شوێنەی چەند رۆژێک پێش ئێستا تەرمی ژنێک دۆزرایەوە، ئەمڕۆ تەرمی ژنێکی دیکە دۆزرایەوە و بەڕێکرایە پزیشکی دادی هەولێر.

ئەوکاتە لەلایەن هاولاتییانی ناوچەکەوە باس لەوەکرا سێ کەس لەو شوێنە خنکابن، بەڵام دواتر بەرگری شارستانی هەولێر دەنگۆکانی بەدرۆ خستەوە و وتی، تەنیا یەک تەرم دۆزراوەتەوە و هیچ گەڕانێکییان لەو شوێنە ئەنجامد نەدا.

لە 29.9.2026، لە زێی قەندیلی سنووری قەزای هەریر تەرمی ژنێک دۆزرایەوە و باس لەوەشکرا دوو گەنجی دیکەش لەگەڵیدا خنکابن. شاخەوان سەعید، وتەبێژى بەرگرى شارستانى هەولێر ئەوکاتە بە 964ـى وت، ”تیمەکانمان گەیشتوونەتە شوێنى رووداوەکە و تەرمى ژنەکەیان هێناوەتەوە بۆ پزیشکى دادى هەولێر”.

لەبارەى دوو کەسەکەى تر، شاخەوان سەعید روونى کردەوە، کە هیچ کەسێک لە شوێنى رووداوەکە نەبووە و نەیان وتووە کەسى تر خنکاوە بۆیە ئەوەى هەیە یەک کەسە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر