لەسەر شەڕى دوو فڕۆکەوانەکە

فلای دوبەی گەشتەکانی بۆ ئیسرائیل راگرت

964+

وریا فەتاح

کۆمپانیای فڕۆکەوانیی (فلای دوبەی) سەرجەم گەشتەکانی بۆ ئیسرائیل هەڵپەسارد، ئەمەش دوای ئەوەی فڕۆکەیەک کە لە دوبەیەوە بەرەو تەلئەبیب دەچوو، بەهۆی دروستبوونی “گرژییەک” لەناو کابینەی فڕۆکەواندا، کۆنترۆڵ کرا و ناچار بوو لە عەرەبستانی سعودیە بنیشێتەوە.

غەیس ئەلغەیس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فلای دوبەی لە نوێترین بەیاننامەدا رایگەیاند، سەرجەم 172 گەشتیار و تیمی فڕۆکەوانیی گەشتی ژمارە (FZ 1073) کە لە 30ی ئەیلوولی 2026 بەڕێکەوتبوو سەلامەتن. ئاماژەی بەوەش کرد کە کاپتنی فڕۆکەکە دوای پشکنین و وەرگرتنی رەزامەندیی پزیشکی گەڕاوەتەوە بۆ ئیمارات.

بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە سوپاسی ئەو فڕۆکەوانانە و تیمی ناو فڕۆکەکە و ئەو گەشتیارانەشی کرد کە لەو “دۆخە سەختەدا” یارمەتیدەر بوون لە کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەکە و نیشتنەوەی بە سەلامەتی. هەروەها سوپاسی دەسەڵاتدارانی سعودیە و ئیماراتی کرد بۆ بەدەمەوەچوونی خێرایان.

سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، پێشتر وتەبێژی کۆمپانیاکە لە بەیاننامەکانی پێشووتریدا ئاشکرای کردبوو کە “شەڕ و گرژییەک” لەناو کابینەی فڕۆکەوانی فڕۆکەکەدا دروست بووە. بەهۆی ئەمەشەوە، ژمارەیەک لە ستافی فلای دوبەی کە وەک گەشتیار و لە دەرەوەی دەوامی خۆیان لەناو فڕۆکەکەدا بوون، توانیویانە کۆنترۆڵی فڕۆکەکە بکەن و ئاراستەکەی بگۆڕن بەرەو فڕۆکەخانەی تەبوک لە سعودیە.

کۆمپانیاکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە تا ئێستا هۆکار و پاڵنەری پشت ئەو گرژییەی ناو کابینەی فڕۆکەوانەکە نەزانراوە، و تیمەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی و گشتگیرن. لەسەر داوای دەسەڵاتدارانیش، گەشتەکانی فلای دوبەی بۆ تەلئەبیب تا کاتێکی نادیار راگیراون بۆ ئەوەی راستییەکانی رووداوەکە ئاشکرا ببن.