دایک و باوکی شەهیدێک قسەدەکەن

جەرگیان بەخشی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە تیمارە بۆیان

رازاو محەمەد – سلێمانی

بروسکە و فەرمانی وەزارەتی لێ دەربچێ، ئیتر هیچ شەخس و حزبێک ناتوانێ پێشمەرگە ئاڕاستە بکات، ئەمڕۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، حکومەت و وەزارەتی پێشمەرگەی بانگ کرد، تا رێورەسمی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە نیشانی جیهان بدەن.

عێراق نوێنەری ناردبوو، هاوپەیمانانیش لەوێ بوون، پێشمەرگەکانی یەکەی 70 و 80 هەڵوەشایەوە و لە چوارچێوەی دوو دەڤەر و 11 فیرقە یەکخرانەوە، لەوێ نێچیرڤان بارزانی قسەی کرد وتی، لە ئەمڕۆوە دەبێت یەکگرتنەوەی پێشمەرگە لە هەموو شتێکدا رەنگ بداتەوە، لە فەرماندەیی و سەرکردایەتی، لە بڕیار و فەرماندا، هەروەها لە مەشق و رێکخستندا.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی، یەکخستنەوە تەنیا گۆڕینی ناو و ناونیشان نییە، بەڵکو دەبێت لە ململانێی حیزبی دوور بێت و ناسنامەی کوردستانی خۆی بپارێزێت.

هەر لەوێ سەرۆکی حکومەت و وەزیری پێشمەرگەش قسەیان کرد و دواتر فەرمانی دەستبەکاربوونی هەردوو دەڤەرەکە پێشکەشکرا، بە فەریق نەجات عەلی و فەریق روکن عومەر ساڵح درا.

964 رای ژمارەیەک دایک و باوکی شەهیدی پێشمەرگەی وەرگرت، ئەوان بەیەکخستنەوەکە دڵخۆشن و دەڵێن، پێشمەرگە بە ناسنامەی کوردستانی و لە ژێر ئاڵاکەیدا درەوشاوەترە و یەک هێزی بۆ پێشمەرگە بناغەیەکی بتەوە بۆ داهاتوو.

ئەوان دەڵێن، سەرەڕای ئەوەی جەرگیان سووتاوە بەڵام یەکخستنەوەکە هۆکارە بۆ تیماری برینەکەیان، چونکە بوونی هێزی سەربازی جیاواز دەرخەری هێز و فرە حیزبیی و باڵادەست بوونە بەسەریاندا.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا