قۆڵیان لێهەڵماڵى

لەبری شارەوانی؛ حەماڵەکانی شەقامی چاڵەکانی بازاڕیان پڕکردەوە

ئەحمەد محەمەد-سلێمانى

دواى ئەوەى نزیکەى یەک مانگ چاوەڕێى شارەوانى بوون چاڵوچۆڵییەکانیان بۆ پڕ بکاتەوە، بەڵام ئەمڕۆ حەماڵ و کاسبکارانی شەقامی کاوە لە ناوجەرگەی بازاڕی سلێمانی، قۆڵیان لێ هەڵماڵی و لەسەر ئەرک و گیرفانی خۆیان ئەو چاڵانەی شەقامەکەیان پڕکردەوە کە کێشەی زۆری بۆ دروستکردبوون.
لەماوەى رابردوودا، لەسەر شەقامی کاوە چەندین چاڵی گەورە دروست ببوون کە جگە لە ناشرینکردنی سیمای بازاڕەکە، ئاستەنگییەکی گەورەی هاتوچۆی بۆ شۆفێران و تەنانەت عارەبانچییەکانی ئەو گوزەرەش دروستکردبوو. دوای بێئومێدبوونیان لە شارەوانى، حەماڵەکانی بازاڕەکە لەسەر ئەرکى خۆیان چاڵەکانیان پڕکردەوە.

پێشتر لە رێکەوتی (24ی ئابی 2026)دا، لە رێگەى 964ـەوە، کاسبکاران هۆشدارییان لەبارەی مەترسیی ئەو دوو چاڵەوە دابوو کە ماوەی دوو ساڵ بوو بەبێ چارەسەر جێهێڵرابوون. لەو کاتەدا و بەهۆی گەورەبوونی چاڵەکانەوە، مەترسی بۆ سەر ئۆتۆمبێلەکان دروست ببوو، ئەمەش وای لە دووکانداران کردبوو بە دانانی خشت و بەردی بچووک چاڵەکان نیشانە بکەن و هەڵبچنن، تەنها بۆ ئەوەی شۆفێران بیبینن و تێی نەکەون.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح