زیاتر لە 20 بریندار هەیە
دیمەنەکان لە پاشماوەى جەنگ دەچن؛ ئاگرى کۆگاکەى تانجەڕۆ
964+
دیلام محەمەد- سلێمانى
درەنگانی شەوی ڕابردوو ئاگرێکی بەهێز لە کۆگایەکی سووتەمەنی لە ناوچەی تانجەرۆی سلێمانی کەوتەوە، بەهۆی گوڕى ئاگرەکە و تەقینەوەکانەوە زیاتر لە 20 هاونیشتمانی بریندار بون و زیانێکی مادی زۆر بە کۆگاکە و دەوروبەری گەیشتووە.
ئاگرەکە دەورووبەری کاتژمێر 12:00ـی نیوەشەو روویداوە. بەهۆی بەهێزیی تەقینەوەکەوە، پارچەی کۆگاکە و کەلوپەلەکان بە سەدان مەتر بەرز بونەتەوە و لە ناوچەی دوورتر کەوتونەتە خوارەوە، بە شێوەیەک دیمەنی شوێنی رووداوەکە لە ناوچەی دوای جەنگ دەچێت و ئاگرەکە زۆربەی کەلوپەل و بیناى کۆگاکەی سووتاندووە.
سەرەڕای ئەوەی ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراوە، بەڵام هێشتا مەترسی تەقینەوەی زیاتر لە ئارادایە و تانکییەک ئاگری تێدا ماوەتەوە. بەهۆی بەردەوامیی مەترسییەکەوە، تیمەکانی بەرگری شارستانی ئاگادارییان داوەتە رۆژنامەنوسان و هاووڵاتیان کە لە شوێنی رووداوەکە دوور بکەونەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح