چاوەڕوانى 12 ساڵە دەکرێتەوە

لە مانگى 12؛ نەخۆشخانە 180 قەرەوێڵەییەکەی خورماتوو بەڕووی هاوڵاتیاندا دەکرێتەوە

سیروان خورشید- خورماتوو

پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە 12 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی کارەکانی، پڕۆژەی ستراتیژیی نەخۆشخانە 180 قەرەوێڵەییەکەی قەزای خورماتوو گەیشتووەتە قۆناغەکانی کۆتایی و بڕیارە لە مانگى 12ـى ئەمساڵدا بە فەرمی بکرێتەوە.
حسێن عەلی، بەڕێوەبەری بەشی ئەندازیاریی پڕۆژەکە رایگەیاند، تا ئێستا کارەکانی نەخۆشخانەکە بەرێژەی 90% تەواو بوون. تەنیا هەندێک کاری هونەری ماون کە ئەوانیش بە خێرایی کارەکانیان بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەوەی لە سەرەتای مانگی 12ـدا دەرگای نەخۆشخانەکە بەڕووی هاوڵاتیاندا بکرێتەوە.
سەبارەت بە ئاستی خزمەتگوزارییەکانی نەخۆشخانەکە، حسێن عەلی روونیکردەوە کە پڕۆژەک بە پێشکەوتووتریین ئامێری پزیشکی و پشکنین تەیالەخۆى دەگرێت.
جەختیشی لەوە کردەوە کە کردنەوەی ئەم نەخۆشخانەیە کۆتایی بەو نەهامەتییە دەهێنێت کە ساڵانێکە هاوڵاتیانی سنوورەکە بەدەستیەوە دەناڵێنن، و چیتر پێویست ناکات بۆ وەرگرتنی چارەسەر و پشکنینەکان بە ناچاری روو لە شارەکانی دیکە بکەن، چونکە تەواوی خزمەتگوزارییەکان لە ناو قەزاکەدا بەردەست دەبن.

دروستکردنی ئەم نەخۆشخانەیە بەهۆی چەندین هۆکاری وەک شەڕی داعش، ناسەقامگیریی بارودۆخی ناوچەکە و قەیرانی داراییەوە بۆ ماوەیەکی زۆر پەکخرابوو، بەڵام لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا کارکردن تێیدا دەستی پێکردەوە و ئێستا بەرەو کۆتاییهاتنی یەکجاری دەچێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح