نزیکەی 1000 کەس چۆڵیان کردووە
ئاگرێکی گەورە لە ناوچەیەکی گەشتیاری کرواتیا کەوتووەتەوە
964+
پەری ساڵح
ئاگرێکی گەورەی دارستانەکانی لە ناوچەی کەناراوەکانی شاری “ئۆمیش” لە باشووری کرواتیا کەوتەوە، بەهۆیەوە بەلایەنی کەمەوە 36 کەس تووشی برینداری و سووتان بوون و زیاتر لە 1000 هاوڵاتی و گەشتیاریش بەپەلە لە ناوچەکە گوازراونەتەوە.
ئاگرەکە کاتژمێر 8.20 خولەکی ئێوارەی پێنجشەممە لە ناوچەی “لۆکڤا رۆگۆزنیچە” کەوتووەتەوە و لەژێر کاریگەریی بایەکی بەهێزدا رووی لە شارۆچکەی ئۆمیش کردووە، تا بەرەبەیانی هەینی، بڵێسەی ئاگرەکە گەیشتووەتە گەڕەکی “بۆراک” لە سەرووی ناوەندی شارەکە و راستەوخۆ کەوتووەتە گەڕەکە نیشتەجێبووەکانەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی تەندروستی ناوچەکە؛ 36 کەس بەهۆی برینداری و سووتانەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکەیان، دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، 14 نەخۆش لە نەخۆشخانە هێڵدراونەتەوە کە تەندروستی بەشێکیان جێگیر نییە و کەسێکیش بەسەختی تووشی سووتان بووە.
بۆ رووبەڕووبوونەوەی کارەساتەکە، زیاتر لە 157 ئاگرکوژێنەوە و 44 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن لە شوێنی رووداوەکەن، بەهۆی گۆڕانی بەردەوامی ئاڕاستەی باکە، بڕیاری ئامادەباشی باری لەناکاو دراوە