پیر و لاویان تێدایە

خانمانی کۆیە چوونە سەر شاخی هەرتەل

دەریا ئەحمەد – کۆیە

نزیکەی 400 خانمی کۆیە رێکخراوێکیان دروستکردووە و بەیەکەوە گەشتی شاخەوانی و سیمینار و چەندین بابەتی تری تایبەت بە خانمان لەناوە و دەرەوەی وڵات ئەنجام دەدەن.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەو خانمانە بەتەنیا گەشتی شاخەوانیش ئەنجامدەدەن و سەرپەرشتیاری ڕێکخراوەکەش دەڵێ، چەندین گەشتی شاخەوانیمان ئەنجامداوە و تەنانەت چوینەتە شاخی هەڵگوردیش.

نیگار حەمەد سەرپەرشتیاری رێکخراوی ئۆسکار بۆ پەرەپێدانی تواناکانی خانمان بە 964ـی وت، ئێمە لەسەر ئەستۆی خۆمان ژمارەیەک خانمی کۆیە رێکخراوێکمان پێکهێناوە و ئامانجمان پەرەپێدانی تواناکانی خانمانە و چالاکیەکانمان هەمەچەشنن و تایبەتە بە خانمان.

لەم گەشتەی ئەمڕۆیان 50 خانم لە تەمەنی 15 ساڵی تا 75 ساڵیشیان لەگەڵ بوو و سەردانی سروشتی هەرتەلیان کردووە لە سنوری رانیە و ئامانجیانە کۆبوونەوەی خانمانە و تەندروسیەکی باشترە، نیگار حەمەد وتی، گەشتمان ئەنجامداوە بۆ چەندین شوێنی سەخت وەک هەڵگورد و کۆسرەت و ئەم گەشتانەشمان بەردەوام هەیە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا