لە دەربەندیخان

دوای سەرتاشەکان دوکاندارانیش داوای داخستنی دوکانەکانیان لەشەودا دەکەن

میلاد جەلال – دەربەندیخان

لە دەربەندیخان، دوای سەرتاشەکان، دوکاندارانیش داوای ئیسراحەت دەکەن و دەڵێن، با شەوان دوکانەکانیان دابخەن.

دوکاندارەکانی ناو بازاڕی قەزای دەربەندیخان ئەمڕۆ یەکشەممە 8.9.2026 لەگەڵ قایمقامی قەزاکە کۆوبونەتەوە و داوایانکردووە بە بڕیارێک شەوان دوکانەکانی بازاڕەکە نەکرێتەوە، بۆئەوەی شەوان لەناو ژن و منداڵیان دابن.

خەلیل نوری دوکاندارێکی کۆنی بازاڕەکە بە 964ـی وت، “ئیسراحەتمان نەماوە، شەوان دەڕۆینەوە ماڵەوە منداڵ خەوتووە، بەیانیان دێینەوە بۆ دوکان منداڵ ھەر خەوتووە و نایانبینین”.

“لە شەوی جەژندا ئافرەت سەعات 12 و نیو لەناو بازاڕ بووە، جوان نییە و ئەگەر دوکاندار لە شەودا دوکانەکەی نەکاتەوە، خەڵکیش نایەتە ناو بازاڕ”، خەلیل نوری وادەڵێت.

رێباز عەبدوڵا یەکێکی دیکە لە دوکاندارانی ناو بازاڕی دەربەندیخان دەڵێت، زیاتر لە 90٪ـی دوکانداران و کاسبکاران لەگەڵ داخستنی دوکانەکانیان لە شەواندان.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هەندێک لە دوکانداران لە شەواندا دوکانەکانیان بکەنەوە، ئەو دوکاندارەی دوکانەکەی دادەخات، فەشل دێنێ و زیان دەکات.

ئەم بابەتە دوای ئەوە سەریهەڵدا کە سەرتاشەکانی سلێمانی و دەربەندیخان داوایان کرد لە کاتژمێر 8ـی بەیانی تا کاتژمێر 8ـی ئێوارە کاربکەن، رۆژی شەممەی رابردوو سەرتاشەکانی سلێمانی لەڕێی سندوقی دەنگدان و بە زۆرینەی دەنگ رێککەوتن شەوان دایبخەن، ئێستاکەش چاوەڕێی بڕیاری قایمقامی سلێمانین بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدات و کێشەکەیان یەکلایی بکاتەوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری