رەنجبەخەسار دەبن

بە فێڵێکى بازرگانى؛ تەماتەى پێنجوێن لە 750 دینارەوە بۆ 300 دینار دەشکێندرێت

964+
بڕوا مەجید- سلێمانى

هەموو ساڵێک شتێک دەبێت تا جواتیارانى پێنجوێن رەنجبەخەسار بکات، ئەمساڵیش فێڵێکى بازرگانى تەماتە نازدارەکەى پێنجوێنى شکاندووە، هەربۆیە ئەمڕۆ جوتیاران گردبوونەوە و رێگاى سەرەکى پێنجوێن بۆ گەرمکیان داخست.

کێشەى جوتیارانى پێنجوێن نەبوونى کڕیار نییە، بەڵکو فێڵێکى بازرگانییە کە بازرگانەکانی خوارووی عێراق بەرامبەر جوتیارانی کورد بەکاری دەهێنن.
هێرش عەلی، کە یەکێکە لەو جوتیارانەی بە 964ـى وت”چەند رۆژێک پێش ئێستا کیلۆی تەماتە بە 750 دینار دەڕۆیشت، بەڵام ئێستا بازرگانە عەرەبەکان فێڵێکیان دۆزیوەتەوە، بەیانیان زوو کە دەهێنینە عەلوە نایکڕن، وازدەهێنن تا دەبێتە نیوەڕۆ و دوانیوەڕۆ. دەزانن جوتیار لەبەر گەرماکە بێزار دەبێت و تەماتەکەش بەرگەی گەرما ناگرێت، بۆیە ناچار دەبین نرخەکەی زۆر دابەزێنین.”
بە وتەی ئەم جوتیارە، ئەمڕۆ باشترین جۆری تەماتەی پێنجوێن بە 500 دینار فرۆشراوە، ئەویش لەناو 100 ئۆتۆمبێلی پڕ لە تەماتە تەنیا یەکێکیان بەو نرخە رۆیشتووە. هێرش دەڵێت: ئەگەر بەیانی تەماتەیەکی پلە یەک بڵێین بە 500 دینار، ئەوان نایکڕن و چاوەڕێ دەکەن تا گەرماکە فشارمان بۆ دەهێنێت، بۆ ئەوەی دواتر بە 300 دینار یان کەمتر لێمان بکڕن و بەرهەمەکەمان بشکێنن.”
ئەمە یەکەمجار و یەکەمساڵ نییە، جوتیارانی پێنجوێن هەموو ساڵێک لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمەکانیاندا گیرۆدەی کێشەیەک دەبن. ساڵێک رێگای هەناردەکردن دادەخرێت و رێگاى هاوردەى دەرەوە دەکرێتەوە، ساڵێک باج بەرز دەبێتەوە، و ئەمساڵیش یاریپێکردنی بازرگانەکان وای کردووە کە ئارەقەی نێوچەوانی سوک و ئاسان بە هەدەر بڕوات.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح