بەمەرج

هەرێم ئامادەیى دەربڕى 50 هەزار بەرمیل نەوتەکە رادەستى بەغدا بکات

وریا فەتاح

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەی ئێستا رۆژانە بۆ ناوخۆ تەرخان کراوە “بەشی پێداویستییەکان ناکات”. بۆیە بە مەبەستی چارەسەری یەکجاریی قەیرانی سووتەمەنی و پێدانی بەنزین بە 450 دینار، هەرێم دوو بژاردەی فەرمی دەخاتە بەردەم حکومەتی عێراق.

بەپێی نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کە بەروارى 2.9.2026ـى لەسەرە، هەرێم دوو پێشنیاز دەخاتە بەردەم حکومەتى ناوەندى بۆ ئەوەى بەنزینى 450 دینارى لە هەرێمى کوردستان بدەن بە هاوڵاتیان کە ئەمانەن:

بژاردەی یەکەم: پێدانی 140 هەزار بەرمیل نەوتی خاو
حکومەتی عێراق رۆژانە 140 هەزار بەرمیل نەوتی خاو تەرخان بکات بۆ هەرێمی کوردستان (جا لە کێڵگەکانی هەرێم خۆیەوە بێت یان لە کێڵگەکانی دیکەی عێراقەوە)، بۆ ئەوەی هەرێم لە پاڵاوگە ناوخۆییەکانی خۆیدا بیپاڵێوێت و تەواوی پێداویستییەکانی سووتەمەنی ناوخۆی پێ دابین بکات.

بژاردەی دووەم: عێراق خۆی سووتەمەنی بنێرێت و نەوتەکەی بباتەوە
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پێشنیاز دەکات وەزارەتی نەوتی عێراق راستەوخۆ تەواوی پێداویستییەکان لە بەرهەمە نەوتییەکان (بەنزین، گازوایل، هتد..) بۆ هەرێم بنێرێت، بە مەرجێک ئەو بڕەی دەینێرێت یەکسان بێت بە پاڵاوتنی 140 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە رۆژێکدا.

لە بەرامبەر ئەمەدا، ئەمەدا هەرێم دەڵێت، “ئەگەر بەغدا ئەم بژاردەیە پەسەند بکات و سووتەمەنییەکانمان بۆ بنێرێت، ئەوا حکومەتی هەرێم هیچ لارییەکی نابێت لەوەی ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتە خاوەی کە ئێستا بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی تەرخان کراوە، راستەوخۆ رادەستی بەغدای بکاتەوە.”

هەر لە نووسراوەکەدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جەختی لەوە کردووەتەوە کە بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی هەرێمیش وەک پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەنزینی پاڵپشتیکراو بە 450 دینار وەربگرن، دەبێت حکومەتی فیدراڵی تێچووی راستەقینەی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتەکە لەئەستۆ بگرێت.

هەرێم ئامادەیى دەربڕى 50 هەزار بەرمیل نەوتەکە رادەستى بەغدا بکات