بوومەلەرزەیەک لە پێنجوێن و شاری بانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان روویدا
خەڵکی هەردوو بەشەکەی کوردستان هەستیان پێکردووە
لە پێنجوێن و شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان بوومەلەرزە روویدا
شۆڕش قادری
لە نێوان پێنجوێن و شاری بانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بومەلەرزەیەک بەگوڕی 4.4 پلە بە پێوەری ریختەر روویدا و خەڵکی هەردوو بەشەکەی کوردستان هەستیان پێکردووە.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، چەقی بوومەلەرزەکە شارۆچکەی بۆیەن بووە سەر بە شاری بانە کە نزیکە لە مەرزی سەیرانبەن.
تا ئێستا هیچ ئامارێک لەسەر زیانەکانی ئەو بوومەلەرزەیە بڵاونەکراوەتەوە.
هاوکات لەگەڵ بوومەلەرزەکە دەنگی تەقینەوەیەک لە پێنجوێن بیسترا و خەڵکی ناوچەکەی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کرد، 964 هەرزوو بۆی دەرکەوت کە ئەو دەنگە، پوچەڵکردنەوەی مین و تەقەمەنی بووە لەلایەن تیمەکانی هەڵگرتنەوەی مین.
موحسین شێخ عبدولکەریم بەڕێوەبەری مینی سلێمانی بە 964ـی وت، “تیمەکانی هەڵگرەوەی مین لە سنووری ناوشاخانی پێنجوێنن، کاردەکەن و ناوچەکە پاکدەکەنەوە، ئەو پاشماوەی مینانەی ئەیدۆزنەوە، لەناوی دەبەن و کەمێک پێش ئێستاش تیمەکانمان، چەند مینێکیان لە ناوشاخانی پێنجوێن ناوبردووە”.