تەماتەکانیان هەرزانفرۆش دەکەن

فێڵێکى بازرگانى جوتیارانى پێنجوێن رەنجبەخەسار دەکات

964+
وریا فەتاح
رەنجی چەند مانگەی جوتیارانی پێنجوێن کەوتووەتە ژێر رەحمەتی فێڵێکی بازرگانییەوە. تەماتە “نازدارەکەی” پێنجوێن، کە بە یەکێک لە باشترین جۆرەکانی تەماتەی کوردستان دەناسرێت، ئێستا لە عەلوەکاندا بە مەبەست کڕیاری لێ دوور دەخرێتەوە تا خاوەنەکەی ناچار بێت هەرزانفرۆشی بکات.
ئەمڕۆ جوتیاران بە ئۆتۆمبێلە پڕ لە بارەکانیانەوە چوونە سەر شەقام و رێگای سەرەکیی پێنجوێن بۆ ناحیەی گەرمکیان داخست. ئەوان نایانەوێت تەماتەکانیان فڕێ بدەن، تەنیا دەیانەوێت بەنرخى گونجاو بیفرۆشن.
کێشەکە لەوەدایە کە بازرگان و کڕیارانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق فێڵێکى نوێیان گرتووەتەبەر، کاتێک بەیانیان زوو جوتیارەکە بەرهەمەکەی دەهێنێتە عەلوە، بازرگانەکان لێی ناکڕن. کڕینەکە دەخەنە دوانیوەڕۆ و ئێوارە، واتە ئەو کاتەی کە تەماتەکە بەرگەی گەرمای نەماوە، جوتیارەکە هیلاک بووە و خەرجیی مانەوەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرەکەشی لەسەر زیاد بووە. لەو کاتەدا، جوتیارەکە ناچار دەبێت بە هەر نرخێک بێت کاڵاکەی بفرۆشێت بۆ ئەوەی بەتاڵ نەگەڕێتەوە ماڵەوە.
ئەم فێڵە زیانێکی گەورەی لە نرخی تەماتە داوە. هەفتەی رابردوو، کیلۆیەک تەماتەی پێنجوێن 750 دیناری دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ باشترین جۆری بووەتە 500 دینار، و پێشبینیش دەکرێت بەهۆی ئەم کاتکوشتنەی بازرگانەکانەوە، نرخەکە تا 300 دینار و کەمتر دابەزێت.
964 ئەم کێشەیەی گەیاندە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، بەڵام وەڵامەکەی وەزیر ئەوە بوو کە دەسەڵاتیان بەسەر بازاڕدا نییە.

وەزیری کشتوکاڵ بە 964ـی راگەیاند: “ئەوە بازاڕە، کڕین و فرۆشتن بەدەست ئێمە نییە کە بتوانین کۆنترۆڵی بکەین، بەڵام بۆ بەدواداچوون، پەیوەندیم بە قایمقامی پێنجوێنەوە کردووە تا بزانن دەتوانن چارەسەرێک بۆ ئەو دۆخەی جوتیاران بدۆزنەوە.”