81 دوکانیان بەکرێ داوە هی شارەوانی نەبووە

دەستگیرکردنی گەندەڵکاران گەیشتە شاری موسەنا و دوو بەڕێوەبەر و 4 فەرمانبەر کەوتنە داوەوە

فەرهاد حەسەن

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، زنجیرەیەک فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ چەند بەرپرس و فەرمانبەرێکی شارەوانیی قەزای “خزر” لە پارێزگای موسەنا، بە تۆمەتی گەندەڵی و بەکارهێنانی نایاسایی مۆڵک و ماڵی دەوڵەت، جێبەجێکرد.

دەستپاکی وردەکاری ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنەکانی بڵاوکردووەتەوە، کە  تیمێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی موسەنا، بە پاڵپشتی هێزێکی لیوای “بەرپەرچدانەوەی خێرا”، توانیان دوو بەڕێوەبەری پێشووی شارەوانی خزر و چوار فەرمانبەری دیکە دەستگیر بکەن.

ئۆپەراسیۆنەکە دوای ئەوە هات کە دەرکەوت لە ساڵی 2018 دا، شارەوانی خزر گرێبەستی بەکرێدانی بۆ 81 دوکان واژۆکردووە و کرێی لێوەرگرتوون، لە کاتێکدا زەوییەکان مۆڵکی شارەوانی نەبوون و بە شێوەیەکی زێدەڕۆیی دروستکرابوون.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی دەستپاکی، ئەم بەرپرسانە نەک هەر رێگریان لە زیادەڕۆییەکان نەکردووە، بەڵکو بە نایاسایی گرێبەستیان بۆ کردوون و هیچ هەماهەنگییەکیان لەگەڵ خاوەنی راستەقینەی زەوییەکە نەکردووە، ئەمەش بە پێشێلکارییەکی گەورەی یاسایی و بەهەدەردانی ماڵی گشتی دادەنرێت.

دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان بەپێی ماددەی 315 لە یاسای سزادانی عێراقی ئەنجامدراوە و دوای دەستگیرکردنیان، کۆنووسی فەرمیان بۆ رێکخرا و رادەستی دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند کران، بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی توندیان بەرامبەر بگیرێتە بەر و بڕیار لەسەر چارەنووسیان بدرێت.