گەڕیدەی پەیداکردنی نان

کرێچێتی شارە و شاریان پێدەکات تا قوتووی بەتاڵ دەستبخەن

+964
دەریا ئەحمەد و فەرمان مەلاحەسەن

ژن و پیاوێک و منداڵێکی یەک ساڵ و نیووی دانیشتووی رانیە، بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان لە رانیە دێنە دەرەوە، شارەکانی کۆیە و دوکان و تەنانەت دەگەنە سلێمانیش بۆ کۆکردنەوەی قوتوو، ئەوەش لەپێناو بژێوی ژیانیان و دابینکردنی کرێی خانوو، وە چارەسەری نەخۆشیەکانیان.

پشدەر محەمەد، دانیشتووی شاری رانیەیە و ئەو بە 964ـی وت، ئێمە خێزانێکی چوار کەسین و زۆربەی رۆژەکان لە بەیانییەوە دەردەچین لە رانیە، بۆ قوتوو کۆکردنەوە دەچینە شارەکانی تر، لەبەر ئەوەی لێرە ناتوانن رێژەیەکی زۆر قوتوو کۆبکەینەوە و قازانجێکی باشتری لێ بکەین.

ئەوان بەناچاری رێگەی شاری تر دەگرنەبەر، هەرچەندە ئەوەش خەرجی هاتوچۆ و خواردنیشیان دەخاتەرسەر، بەڵام زۆرجار لە شارەکانی تر کاتێک دۆخەکەیان دەبینن، خواردن و شوێنی پشوودانیان پێ دەدەن.

پشدەر دەڵێ، هۆکاری ئەوەی کە من و هاوسەرەکەم بەیەکەوە دەچین بۆ قوتوو کۆکردنەوە ئەوەیە، کە هەردووکمان پێویستە بەردەوام هاوکار و چاودێری یەکتر بین، چونکە دۆخی تەندروستیمان باش نییە.

هاوژینەکەی پشدەر شەقیقەی هەیە و بورانەوەی لەگەڵە و ناتوانێ بەجێی بێڵێ، پشدەر وتی، من کێشەی فەقەراتم هەیە ئەو لە دەرەوە هاوکارم دەبێت و منداڵێکی چوار مانگانمان هەیە لە ماڵی خوشکێکم جێی دەهێڵین و منداڵە ساڵ و نیوەکەشمان لەگەڵ خۆمان دەبەین.

جەیلان ئەنوەر هاوژینی پشدەر دەڵێت، منیش حەزم دەکرد لەماڵەکەی خۆم و لەناو منداڵەکانم دانیشم و بارودۆخە تەندروستیەکەشم وا دەخوازێت پشوو بدەم، بەڵام ناتوانم هاوسەرەکەم جێبێڵم، بەڵام ئەگەر بێت و خاوەن خانووی خۆمان بین پێویست ناکات.

جەیلان هەرچەندە بۆ هاوکار و پشتیوانی پشدەر هەمیشە لە پشتی ماتۆڕە سێ تایەکەی ئامادەیە، بەڵام زۆرجار ئەرکەکەیان زەحمەتر دەبێت، بەهۆی تێکچوونی تەندروستی پێویستی بە چارەسەری خێرای پزیشکی دەبێت.

ئەو وتی، پێم خۆش نییە ئەوەندە زەحمەتی بکێشین و ئەوکات هاوسەرەکەم دەتوانێت لە شوێنەکەی خۆمان کاربکات و ئەوەندە رێگای دوور نەبڕێت، بەڵام ئێستا لەبەر کرێی خانو و ناچارین رێگای دوور بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانمان ببڕین.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا