نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە کردەوە
سەروو 107 دۆلارە
نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە کردەوە
شۆڕش قادری
دوای دابەزینی نرخی نەوت لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمڕۆ جارێکی دیکە رووی لە بەرزبوونەوە کردووەتەوە و یەک بەرمیل لە سەروو 107 دۆلارەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 28.9.2026 و لەکاتی کردنەوەی بازاڕى وزەی جیهانیدا نرخى یەک بەرمیل نەوت بە 107 دۆلار و 3 سەنت دیاری کراوە و نرخەکەی بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو بەڕێژی 2.82٪ بەرزبووەتەوە.
هاوکات یەک بەرمیل نەوتى خاوى تەکساسیش بە 94 دۆلار و 16 سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت و ئەویش نرخەکەی بەڕێژەی 1.75٪ بەرزبووەتەوە.
ئەم هەڵبەز و دابەزەی نرخی نەوت دوای ئەوە دێت کە چەند رۆژ پێش ئێستا و لە پەراوێزی لوتکەی کۆمەڵەی گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیف ویتکۆڤ نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر یەک مێز دانیشتن، دواتر عێراقچی رایگەیاند، حەوت مەرجیان داوەتە ئەمریکا و ئەگەر پێیان رازی بن، بەمزووانە گەرووی هورمز دەکەنەوە.
هەر گۆڕانکارییەک لە گەرووی هورمز کاریگەری راستەوخۆ لەسەر نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا دروست دەکات.