تاقەتپڕوکێنە و لە مێژوودا وێنەی نەبووە
گەرما ژیانی هەزاران کەسی لە بەریتانیا خستووەتە مەترسییەوە
ژووری هەواڵ
”مەترسییەکە زۆر گەورەیە، هیچ کارێک مەکەن کە ببێتەهۆی ئاگرکەوتنەوە، هەرچییەکیشتان بینی خێرا پەیوەندیمان پێوە بکەن”، ئەمە ئەو پەیامەیە کە لە چەند کاتێکی جیاوازدا و بەشێوەی کتوپڕ بۆ مۆبایلی ئەو کەسانە چووە کە لە بەریتانیا دەژین.
بەهۆی گەرما تاقەتپڕوکێنەکەی ئەم چەند رۆژەوە، ژیانی هەزاران کەس لەو وڵاتە کەوتووەتە مەترسییەوە.
ئەوەی ئەمساڵ دانیشتوانی بەریتانیا دەیبینن لە مێژوودا وێنەی نەبووە، پێنج شەپۆلی گەرمای یەک لەدوای یەک رووی لەو وڵاتە کردووە، بەڵام هێشتا ترسە گەورەکە نەڕەویوەتەوە، شەپۆلی شەشەم لە کۆتایی ئەم مانگە روویان تێدەکات و ترسیان لەوە هەیە ژمارەی گیانلەدەستداوان و دارستانە سووتاوەکان زۆر زیاتر بکەن.
دەستەی ئاسایشی تەندروستی بەریتانیا رایگەیاند، تەنیا لە هەردوو مانگی ئایارو حوزەیراندا، لە ناو شەپۆلی یەکەمی گەرما، (2887) کەس گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش رێک دوو ئەوەندەی ژمارەی ئەو کەسانەیە کە ساڵی رابردوو بەهۆی گەرماوە گیانیان لە دەستداوە.
چەند رۆژی رابردوو بەریتانیا لەناو شەپۆلی پێنجەمی گەرمادا بوو، لە چەند ناوچەیەک پلەکانی گەرما گەیشتنە (38) پلە، هەرچەندە ئەم پلەیە وا دەنوێنێ کە زۆر نەبێت، بەڵام شێی بەرزی ئەو وڵاتە وایکردووە بە هەزاران کەس تەنگەنەفەس ببن، ئەمە جگە لەوەی بەشێک لە دارستانەکان ئاگریان لێ کەوتووەتەوە.
پێناچێت بەمزوانە هاوین لە بەریتانیا کۆتایی بێت، چونکە بەپێی پێشبینییەکان لە ماوەی 30 ئاب هەتا 13ـی ئەیلول شەپۆلی شەشەمی گەرما روو لەو وڵاتە دەکات، شەپۆلێک کە رەنگە گیانلەدەستانی دەیان کەسی دیکەی لێ بکەوێتەوە.
تا کۆتایی مانگی تەمموز شەپۆلی گەرما زیانی 4 ملیارو 400 ملیۆن پاوەنی لە بەریتانیا داوە، مەزەندە دەکرێت هەتا ساڵی 2030 تێچووی زیانەکانی گەرما لەسەر ئەو وڵاتە ساڵانە بگاتە 25 ملیار پاوەن.