لە 10 رۆژدا 61 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان كردووە
+964
كوردستان ئەحمەد – هەولێر
پارێزگای هەولێر راگەیەنراوێكی بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت پلانی نەورۆز بە باشی جێبەجێكراوە، بەجۆرێک لە 10 رۆژدا 61 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان كردووە و هیچ كەسیش بە رووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستنەداوە.
كەمێك پێش ئێستا راگەیەنراوەكە لە پەیجی پارێزگای هەولێر بڵاوكراوەتەوە، نوسراوە لە پێنج رووەوە پلانی نەورۆز جێبەجێكراوە، لە رووی پێشوازی سەردانیكەران و لە رووی گەشت و گوزار و لە رووی هاتوچۆوە پلانەكان “زۆر باش” بەڕێوەچوون.
بەپێی راگەیانراوەكەی پارێزگای هەولێر، ئەو 61 هەزار گەشتیارە بەشدارییان کردووە لە ئاهەنگەكانی نەورۆز و ساڵی نوێ.
هەر بەپێی پلانەكە لە سێ رۆژی جەژنی نەورۆزدا هیچ رووداوێكی هاتوچۆ لە سنوری پارێزگای هەولێر رووینەداوە.
لە سێ رۆژی نەورۆزدا هیچ حاڵەتێكی دزیكردن و كوشتن و بڕین لە پارێزگای هەولێر رووینەداوە، تەنیا دوو حاڵەتی ئاگركەوتنەوە روویداوە کە بەبێ زیان كۆنترۆڵكراوە، ئەمانە بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی پارێزگا.