لە قەزای ماوەت

چەند پڕۆژەیەکی گەشتیاری جێبەجێ دەکرێن

964+

فەرهاد حەسەن

بڕیارە ژمارەیەک پڕۆژەی گەشتیاری لە قەزای ماوەت جێبەجێ بکرێن، لە دەڤەری سەرسول چەند پڕۆژەیەکی گەشتیاری فراوان جێبەجێ بکرێت.

جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە گەشتیارانە لە سنووری قەزای ماوەت، دوای سەردانی سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم دێت بۆ ناوچەکە.

ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە پەیجی تایبەتی خۆی، بڕیاری جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەی لە قەزای ماوەت بڵاوکردۆتەوە و دەڵێت، لەگەڵ کامەران حەسەن قایمقامی ماوەت سەردانی دەڤەرەکەیان کردووە و بڕیاریانداوە لە ناوچەی سەرسول چەند پڕۆژەیەکی گەشتیاری فراوان جێبەجێ بکرێت.

دەشڵێت: ئەمەش سوودێکی زۆری ئابووری و خزمەتێکی گەورە بە ئاوەدانی ناوچەکە دەگەیەنێت.

جێی باسە تاشەبەردی شوێنەواری ئەسکەندەر پاشا لە قەزای ماوەت پارێزراوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1662ـی زایین، لەلایەن ئیسماعیل پاشاوە بە زمانی فارسی لەسەری هەڵکۆڵراوە.

قەزای ماوەت، لە سنووری پارێزگای سلێمانییە، ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیكەی 10 هەزار كەسە و 77 گوندی بەسەرەوەیە رووبەرەکەشی 463 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە کە زۆرینەی جوگرافییەكەی چیا و گردە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق