تەنیا زیانی ماددی هەبوو

لە ناحیەی دەرکار ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە و سووتا

شۆڕش قادری

لە ناحیەی دەرکاری سەربە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە و سووتا.

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی زاخۆ چەند وێنەیەکی رووداوەکەی داناوە و نووسیویەتی، درەنگانی شەوی رابردوو پەیوەندی بە ژووری کۆنتڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتییەکە کراوە و ئاگادار کراونەتەوە لەوەی کە ماڵێک لە ناحیەی دەرکار ئاگری گرتووە.

دوای ئاگادارکردنەوەیان دەستبەجێ تیمێکیان چوونەتە شوێنەکە و ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە، بەڵام وەک لە وێنەکاندا دەردەکەوێ، ماڵەکە بەتەواوەتی سووتاوە و هیچیان بۆ دەرنەچووە.

بەرگری شارستانی زاخۆ دەڵێت، ئاگرەکە تەنیا زیانی ماددی هەبووە و ئەندامانی خێزانی ئەو ماڵە بەسەلامەت دەرچوون.