کەسێک لە سروشتە جوانەکەی دوکان ئەو کارەی کردووە

کۆمەڵێک داربەڕووی تەڕ و جوانی بڕییەوە و رایکرد بەڵام خۆی رادەستکرد

شۆڕش قادری

لە گوندێکی دوکان کەسێک کۆمەڵێک داربەڕووی جوان و تەڕی بڕییەوە و هە‌ڵهات، بەڵام دواجار خۆی رادەستی پۆلیس کرد و دەستبەسەر کرا.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڤیدیۆی شوێنەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، دوای پێدانی هەواڵ و زانیاری تەواو لەچەند رۆژی رابردوودا کە گوایە هاوڵاتیەك لە قەزای دوکان لە سنوری گوندی (قەلەم پاشا) لە دۆڵی ورچەچ، رۆژانە داری سروشتی تەڕ لەجۆری بەڕوو دەبڕێت و پاشان دوای وشکبوونیان دەیانفرۆشێت، دەستبەجێ مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی دارستانی دوکان چوونەتە ئەو شوێنە.

مەفرەزەکە بینیویانە کە کەسێک بە مشاری داربڕین سەرقاڵی داربڕینە و کۆمەڵێک داری سروشتی قەتڵوعام کردووە، دوای نزیکبوونەوەیان لێی، تۆمەتبارەکە هەستی پێیان کردووە و هەڵهاتووە و هەموو کەلوپەلەکانی جێهێشتووە کە مشارێک و تەوراسێکیان تێدابووە.

بەهۆی سەختی شوێنەکە، مەفرزەکەی پۆلیسی دارستانی دوکان نەیانتوانیوە کەسەکە دەستگیر بکەن، بەڵام ناسیویانەتەوە و تەبلیغیان کردووە، بۆیە ناچاربووە خۆی رادەست بکات و لەئێستادا بەفەرمانی دادوەر راگیراوە.

پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو بابەتە کراوەتەوە و رادەستی دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی.