هاتوچۆی هەولێر لە شەش رێنماییدا

لە رەمەزاندا ئەگەر هەستانکرد توڕەن یان خەوتان دێت شوفێری مەکەن

964+

فەرمان سادق

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر داوا لە شوفێران دەکات ئەگەر هەستیان بە توڕەیی کرد یان خەویان دێت ئەوا بە شوفێری نەکەن.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر، لە روونکردنەوەیەکدا بە بۆنەی مانگی رەمەزانی پیرۆز، شەش رێنمایی بە شوفێران دەدات و داوایان لێدەکات ئەوەی لە مانگی رەمەزاندا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە ئەوە جەستەی تۆی شوفێرە، ئەگەرنا شەقام هەمان شەقامە و ئۆتۆمبێلەکەشت هەمان ئۆتۆمبێلە.

ئەمەی خوارەوە شەش رێنماییەکەیە:

یەکەم:

پێویستە لێخوڕین بەو خیراییە بکرێت کە بەپێ ی هێماکانی هاتوچۆ دیاریکراوە، نەک زێدەڕۆیی بکرێت،چونکە رێگا هەمان رێگای جارانە، ئوتومبێلەکەشتان هەمان ئوتومبێلە، ئەوەی لە مانگی پیرۆزی رەمەزان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە ، جەستەی ئێوەیە کە بەهۆی رۆژوو بوون شەکر و فشاری خوێنتان دادەبەزێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بێتاقەتی، بەمەش توانای شوفێریتان کەمتر دەبێتەوە، جا ئەگەر تیژڕۆ بن ئەوەندەی تریش تواناکانتان کەم دەبێتەوە.

دووەم:

پێویستە بەر لە سواربوونی ئۆتۆمبێل تەماشایەکی خۆتان بکەن و گوێ لە زمانی جەستەتان بگرن، ئەگەر هەستتان کرد بێتاقەتن، یان زیاد لە رادەی ئاسایی توڕەن یان خەوتان دێت، شوفێری نەکەن.

سێیەم:

پێویستە پێداویستیەکان رۆژوو شکاندن (پاقلاوە، تورشیات، شەربەت، خورما، هەرشتێکی تر کە پێویستت پێەتی) بەر لە کاتژمێر 4ـی ئێوارە بیکڕە، بۆ ئەوەی لەوکاتە بەدواوە کە بێتاقەتی لە لوتکە دایە، تووشی ئەوە نەبن بچنە بازاڕ بۆ شتکڕین، چونکە لە گەڕانەوە تووشی دۆخێکی نالەبار دەبن و ناچار دەبن تیژڕۆیی بکەن.

چوارەم:

پێویستە چاوتان بە بەردەوام لەسەر رێگا و دەوروبەری بێت، چاوتان بەردەوام لەسەر پیادەڕۆکان بێت کە ئەوانیش بەهۆی بەڕۆژوو بوون تەرکیزیان لەدەستدەدەن، لەوانەیە بێئاگایی بپەڕنەوە.

پێنجەم:

بۆ شوفێرانی بارهەڵگر و تاکسیەکان هێڵی دەرەوە، پێویستە هەر لەپاش نوێژی تەراویح بخەون، ئەگەر بەنیازبن لەپاش نوێژی بەیانی دەربچن بۆسەر کارەکانیان، نابێت تاکو پارشێو بەخەبەر بن لەدوای نوێژی بەیانی بچنە سەرکار، چونکە لەو حالەتە خەوەکانیان لە پشتی ستێرنی ئوتومبێلەکان تەواو دەکەن، بەمەش تووشی روداوو کارەسات دەبنەوە.

شەشەم:

پێویستە زۆر بە ئاگاییەوە لە یەکتربڕەکان نزیک ببنەوە تەنانەت ئەگەر رێگایەکان چۆڵیش بن، چونکە مەترسیدارترین شوێن لە شەقامەکان یەکتر بڕەکانن.