نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم

ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەم کە کرایە سەر نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم

964+

توانا نەقی

دوای هێرشە درۆنیەکەی سەر نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم چەندین سیاسی هەرێم و عێراق ئیدانەی هێڕشەکەیان کرد و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بە پەرەسەندنی مەترسیدار دەیزانێت.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم رایگەیاند، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی و شوێنی حەوانەوەی سەرۆکی ئاژانسی پاراستنيان کردە ئامانج. ئەم ھێرشانە بە تەواوی رەتکراوە و پەرەسەندنی مەترسيدارن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەن بەرپرسیاریەتی و پابەندیی دەستووریی خۆی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات جێبەجێ بکات بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە.

سەرۆکی هەرێم روونیکردووەتەوە، پاراستنی سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بەرپرسیاریەتییەکی هاوبەشە و ھەموان دەبێ کار بۆ ئارامکردنەوە و نەھێشتنی گرژییەکان بکەن.