کەشتیەکان کەمتر وابەستەی هورمز دەبن

بناغەکردنی کەناڵی مەسندەم لەبری گەرووی هورمز؛ سەخت و شاخاوییە

ئەحمەد مستەفا

بیرۆکەی کەناڵی مەسندەم لە عومان دووبارە هاتووەتەوە سەر مێزی گفتوگۆ، بە تایبەتی لەگەڵ زیادبوونی مەترسییەکانی داخستنی گەرووی هورمز و وابەستەبوونی زۆری هەناردەی وزەی کەنداو بەو رێگایە.

پێگەی مەسندەم زۆر ستراتیژییە، چونکە لە باشووری تەنگەی هورمزە.

بیرۆکەکە ئەوەیە کەناڵێک لە ناو شاخستانی مەسندەمدا دروست بکرێت بۆ پەیوەندیکردنی کەنداو بە کەنداوی عومان، بەبێ پێویستی بە تێپەڕین لە هورمز دا.

رێبوار محەمەد، پسپۆڕی گرێبەستە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی پێشنیارەکە دەڵێ، جێبەجێکردنەکە زۆر قورسە؛ چونکە ناوچەکە شاخاویی و دژوارە و دروستکردنی کەناڵێکی قووڵ و فراوان بۆ تێپەڕینی تانکەرە گەورەکانی نەوت و گاز پێویستی بە کارە ئەندازیارییە گەورە و سیستەمی ئاوهەڵکشان و دابەزاندن دەکات.

ئەو بە 964 وت، هێڵەکانی بۆری نەوت بەشێک لە کێشەکە چارەسەر دەکەن، وەک هێڵی “رۆژهەڵات ـ رۆژئاوا”ی سعودیە بۆ بەدەریای سوور و گواستنەوەی نەوتی ئیمارات بۆ فوجەیرە، بەڵام بۆ گازی سروشتی شلەکراو (LNG)، بەتایبەتی هەناردەکانی قەتەر، بۆری بە تەواوی جێگرەوەی گواستنەوەی دەریایی نییە.

ئەگەر کەناڵەکە بتوانێت تانکەرە گەورەکانی نەوت و گاز و کەشتییە بازرگانییەکان وەربگرێت، دەتوانێت ببێتە بنکەیەکی ستراتیژیی هەمیشەیی، بەڵام پێویستی بە قووڵایی، پانی، شوێنی وەرچەرخان، بنکەی پشتیوانی و سیستەمی ئاسایشی بەهێز هەیە.

تێچووی پرۆژەکە یەکێکە لە گەورەترین پرسیارەکان، هەندێک پێشبینی باسی دەیان یان سەدان ملیار دۆلار دەکەن، بەتایبەتی ئەگەر کەناڵەکە بۆ تانکەرە زەبەلاحەکان دیزاین بکرێت.

ئەو پسپۆڕە باس لەوەدەکات، لە رووی سیاسییەوە، عومان دەبێتە خاونداریی راستەوخۆی کەناڵەکە، ئەمە دەتوانێت هێزی ستراتیژی و بازرگانیی مەسقەت زیاد بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا دەتوانێت سیاسەتی هاوسەنگیی عومان لەگەڵ ئێران، وڵاتانی کەنداو و رۆژئاوا ئاڵۆزتر بکات.

مەترسییەکی سەرەکی، هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی هورمز دەتوانێت خاڵی گەمارۆ و قەیرانی نوێ دروست بکات، ئەگەر کەناڵی مەسندەم ببێتە رێگای سەرەکی هەناردەی وزە، ئەوا خۆی دەبێتە ئامانجێکی ستراتیژی لە کاتی شەڕ و ناکۆکیی ناوچەیی.

کەناڵی مەسندەم لە ئێستادا زیاتر هەڵبژاردەیەکی ستراتیژیی دوورخایەنە تا پرۆژەیەکی ئامادەی جێبەجێکردن، گرنگیی سەرەکیی بیرۆکەکە ئەوەیە کە وڵاتانی کەنداو دەیانەوێت لە ستراتیژیی پاراستنی هورمزدا بگوازنەوە بۆ ستراتیژیی کەمکردنەوەی وابەستەیی بە هورمز.