پێویستى بە کۆنکرێتە
گۆڕەپانى قوتابخانەیەکى کوردى لە خورماتوو چەوڕێژە
سیروان خورشید – خورماتوو
قوتابخانەى نەورۆز کە قوتابخانەیەکى خوێندنى کوردییە لە شارۆچکەى خورماتوو، هەر لە دروستکردنییەوە گۆڕەپانەکەى چەوڕێژە و کۆنکرێت نەکراوە، بۆیە هەڵمەتێک راگەیەندراوە تا لە رێگەى خێرخوازانەوە کۆنکرێت بکرێت.
مەحەمەد نەجات، جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانەی نەورۆز بە964ـی وت،” لە کاتی دروستکردنی قوتابخانەکەوە تاوەکو ئێستا، گۆڕەپانەکەی قیرتاو کۆنکرێت و سەب نەکراوە، ئەمەش وایکردووە لە ساڵانی رابردودا بەهۆی خۆڵ و خاشاک و پێکهاتە خراپەکەیەوە، چەندین جار قوتابیان لە کاتی یاری و چالاکیدا بریندار ببن”.
هەرچەندە پێشتر چەندینجار داواکارییان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی خورماتوو و سەڵاحەدین کردووە بۆ ئەوەى کۆنکرێت بکرێت، بەڵام وەک ئەوەى محەمەد نەجات باسى دەکات، گوێى خۆیان لێ خەواندووە و وەڵامیان نەدراوەتەوە.
بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە، گروپێکی خێرخواز کە پێکهاتوون لە چەند گەنجێکی خۆبەخشی قەزاکە، بڕیاریان داوە لە سبەینێوە هەڵمەتەکە رابگەیەنن و داوا لە سەرمایەداران و خێرخوازان دەکەن بە زویی هاوکار بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەم قوتابخانەیە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح