"بۆ کاری هاوبەش و پێکەوەیی"

هونەرمەندانی کوردستان بە جلی کوردییەوە بەشداری چالاکییەکی هونەری لە میسر دەکەن

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

کۆمەڵێک هونەرمەندی وڵاتی میسر سەردانی هەولێریان کرد و لەلایەن سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان / لقی هەولێر پێشوازییان لێکرا، بڕیاریشە مانگی 12 کۆمەڵێک هونەرمەندی کوردستان سەردانی میسر بکەن بۆ بەشداریکردن لە چالاکییەکەی هونەری.

هیوا سوعاد، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندان بە 964ـی وت، کاری هاوبەشی هونەرمەندانی کوردستان و هونەرمەندانی میسر لە 2009ـەوە دروستبووە و ئەم کارە هاوبەشە چەندین کاری هونەری  و فێستیڤاڵی لەخۆگرتووە بۆ زیاتر ئاشنابوون بە کاری هەردوولا، سەردانیکردنی هونەرمەندەکانی میسریش بۆ کوردستان، بۆ ئەوەبوو تا دووپاتی ئەوە بکەنەوە کە لە سەر ئەو پرۆژەیە بەردەوام دەبن و هاوکاری یەکتر دەکەین.

“هونەرمەندە میسرییەکان بانگێشتنامەیەکیان پێشکەشکردین تا مانگی 12ـی ئەمساڵ سەردانی میسر بکەین بەمەبەستی ئەنجامدانی چەند چالاکییەکی هونەری، چالاکییەکانیش بە جل و ئاڵای کوردییەوە ئەنجام دەدەین و کلتوری کوردی زیاتر دەناسێنین”، هیوا سوعاد وای وت.

بەشێک لەو هونەرمەندە میسریانەی سەردانی هەولێریان کردبوو بریتیبوون لە: ئەحمەد بەدیر ئەستێرەی کۆمیدیای میسر، سامع سریتی سکرتێری سەندیکای هونەرمەندانی میسر، عایدە ریاز ژنە ئەکتەری بەناوبانگی میسر و دەرهێنەر کامل فەرەج.

پێداچوونەوە: کاکەلاو عەبدوڵا