هەڵەیەک لە گوگڵ ماپ گەشتیاران لە بری هەورامان دەباتە گوندێکی چۆڵی شارەزوور

964+

ئەمەل ناجی- بروا مەجید

هەڵەیەک لە دەستنیشانکردنی شوێن لە ئەپلیکەیشنی گوگڵ ماپ (Google Maps) کێشەی بۆ ئەو گەشتیارانە دروستکردووە کە روودەکەنە هاوینەهەواری ئەحمەدئاوای هەورامان، بەتایبەت ئەو گەشتیارانەی لە خوارووی عێراقەوە دێن.

رۆژانی پێنجشەممە و هەینی، ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران کاتێک لە گوگڵ ماپ بە کیبۆردی عەرەبی دەنووسن (احمد اوا)، ئەپلیکەیشنەکە راستەوخۆ دەیانبات بۆ “گوندی ئەحمەد ئاوای شارەزوور”، کە گوندێکی چۆڵ و بێماڵە و رێگەکەی پڕ لە چاڵ و چۆڵییە و ئۆتۆمبێلی بچووک پێیدا ناڕوات، لە بڕی ئەوەی بیانبات بۆ هاوینەهەواری ئەحمەدئاوای هەورامان لە خورماڵ.

ئەمە لەکاتێکدایە، دانیشتووانی گوندی “زەلەڕەش” لە شارەزوور کە دەکەوێتە کۆتا خاڵی رێگاکە، ناچارن رۆژانە رێنمایی ئەو گەشتیارانە بکەن و بیانگەڕێننەوە بۆ رێگا راستەکەی هەورامان.

لەبەرامبەردا، بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە رایگەیاند، ئەوان ئاگاداری ئەو حاڵەتەن، بەڵام لە توانای ئەواندا نییە ناوەکە لەسەر گوگڵ ماپ بگۆڕن، چونکە جگە لە شارەزوور لە پێنجوێن و شارباژێڕیش گوند بە هەمان ناو هەیە، بۆیە تەنیا دەتوانن هۆشداری بە خەڵک بدەن کە ناوەکە بە دروستی بنووسن.

لای خۆشییەوە بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی هەڵەبجە ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان تەنیا دەتوانن لە ماستەرپلانی خۆیاندا دەستکاری ناوەکە بڕکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەر بەکارهێنەرێک لە گوگڵ ماپ دەتوانێت شوێن تۆمار بڕکات، ناتوانن کۆنتڕۆڵی ناوە تۆمارکراوەکانی ناو ئەپلیکەیشنەکە بڕکەن.

بۆ گەیشتن بە شوێنە راستەکە لە گوگڵ ماپ، پێویستە بنووسرێت “هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا” یان بە عەرەبی “مصیف احمداوا”، تاوەکو ئاڕاستەی هاوینەهەوارەکەی هەورامان بەکاربێت.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح