کاتژمێرێک و 40 خولەک لەگەڵ ئەردۆغان کۆبوونەوە

دوور لە چاوی کامێراکان کۆبوونەوەی سەرۆک کۆماری تورکیا و شاندی ئیمرالی کۆتایی هات

فەرهاد حەسەن

کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی و سەرۆک کۆماری تورکیا کۆتایی هات و چاوەڕوان دەکرێت شاندەکە راگەیاندراوێک لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاوبکاتەوە.

میدیای نزیک لە پەکەکە بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ، لە کۆشکی سەرۆک کۆمار، شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان و مەدحەت سانجار پێکهاتبوو، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبوونەوە و هەریەک لە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت و ئەفکان ئالا، جێگری سەرۆکی گشتیی ئاکەپە بەشدارییان تێداکرد.

کۆبوونەوەکە کە لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی بیروڕا سەبارەت بە یاسای “پتەوکردنی یەکگرتنی نەتەوەیی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی” بوو، دوور لە چاوی کامێراکان بۆ ماوەی کاتژمێرێک و 40 خولەک درێژەی کێشا.

چاوەڕوان دەکرێت شاندی ئیمراڵی لە کاتژمێرەکانی ئایندەدا ڕاگەیاندراوێک لەبارەی کۆبوونەوەکەوە بڵاوبکاتەوە.