بناری قەندیل بە کونەپێستەکانی بەناوبانگە
“کونە پێست” کارگە سروشتییەکەی دروستکردنی پەنیر لە کوردستان لەیاد نەکراوە
فەرهاد حەسەن
لەوەتەی کورد خەریکی ئاژەڵدارییە، “کونەپێست”یش وەکو پەناگەیەکی دێرینی گوندنشینان، بۆ دروستکردن و هەڵگرتنی پەنیر بەکارهێندراوە و هەبووە، هەرچەندە لەئێستادا ئەم شوێنە لەهەموو گوندەکان بەکارناهێندرێت، بەڵام تاک و تەرا شوێنە کوێستانییەکان بەردەوامیان پێداوە، بەتایبەتیش لە کوێستانەکانی بناری قەندیل.
شاهۆی هەنگەوان، کە خەڵکی گوندی ئێندزەی ئەو بنارەیە سەرکاری بەردەوامی لەگەڵ ناوچە کوێستانییەکان هەیە، دیمەنی یەکێک لە کونەپێستە دیارەکانی قەندیلی بۆ تۆمار کردووین و دەڵێت “ئەوەی دەیبینن کونەپێستی خواریە لەسەر لوتکە چیا سەرکەشەکەی قەندیل و تایبەت بە مەڕدارەکانی دووگۆمان”.
بەپێی دیمەنەکان دەردەکەوێت شوێنەکە قووڵە، بە گوریس و کندر تەلیس و پێستەکان کە پڕ لە پەنیرن شۆڕدەکەنەوە خوارەوە بۆئەوەی لەبەر ساردی فێنکایەتی شوێنەکە بۆ وەرزی پاییز بە ساغی و تەندروستی بمێننەوە.
کونەپێست، چاڵێکی سروشتییە لە نێو کەلێنە شاخە بەرزەکاندا بەهۆی گۆڕانکاری سروشتەوە دروستبووە قوڵییەکەی یەک بۆ یەکێکی دیکە جیاوازن لە 10 مەترەوە دەستپێدەکات هەتا دەگاتە 30 مەتر، لە کۆتایی بەهاران پەنیری دروستکراوی تێدا هەڵدەگرن تا دەگاتە ناوەڕاستی وەرزی پاییز، ئینجا خاوەن ئاژەڵ هەیە بۆ خۆی بەکاری دەهێنێت و هەشیانە لە بازاڕەکان ساغی دەکەنەوە.
پەنیری کونەپێست وەکو لە بازاڕەکانیش دەنگدانەوەی خۆی هەیە بەتامتر و نایابترە لەو پەنیرانەی لە وڵاتاندا دەهێندرێن و بازاڕەکانیان تەنیوە بۆیە نرخەکەشی لاچاو ئاوان گرانترە و بەسێوەیەکی بەردەوام نرخی یەک کیلۆی لە نێوان 30 بۆ 40 هەزار دینارە .