سندوقی دراوی نێودەوڵەتی:

تا ساڵی 2030 قەرزی وڵاتان لە کۆی ئابووریی جیهان گەورەتر دەبێت

وریا فەتاح

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF) هۆشدارییەکی مەترسیداری بڵاوکردەوە و پێشبینی دەکات تا ساڵی 2030، قەبارەی قەرزی گشتیی حکومەتەکان هێندە زیاد بکات کە لە کۆی قەبارەی ئابووریی هەموو جیهان تێپەڕێت. سندوقەکە هۆکارەکەی بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی سوود و گرانبوونی تێچووی قەرزکردن دەگەڕێنێتەوە.

لە راپۆرتێکی نوێدا کە ئەمڕۆ (14ی تشرینی یەکەمی 2026) بڵاوکراوەتەوە، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکات کە چاوەڕوان دەکرێت قەرزی گشتیی جیهان بگاتە سەروو رێژەی 100%ـی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی جیهان.

ڕاپۆرتەکە چەند هۆکارێک بۆ ئەم کەڵەکەبوونی قەرزە دەستنیشان دەکات، لەوانە، شۆکی نرخی نەوت، بەردەوامیی هەڵاوسان (گرانبوونی شتومەک)، هەروەها خەرجییە زۆرەکانی وڵاتان بۆ وەبەرهێنان لە بوارە نوێیەکانی وەک ژیریی دەستکرد. ئەم هۆکارانە وایان کردووە وڵاتە زلهێزەکانی وەک ئەمریکا و وڵاتانی گرووپی حەوت (G7)، تێچووی قەرزەکانیان بگاتە بەرزترین ئاستی 20 ساڵی رابردوو.

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی زۆر بە ڕوونی باس لەوە دەکات کە تێکڕای تێچووی قەرزکردنی دەوڵەتان لە 2.3%ـی ساڵی 2021ـەوە، بەرز دەبێتەوە بۆ 3.7% لە ساڵی 2031.

بە زمانێکی سادە، کاتێک حکومەتەکان پارەیەکی زۆرتر دەدەن بە باج و سوودی ئەو قەرزانەی کردوویانە، ئیتر پارەیەکی کەمتریان بەدەستەوە دەمێنێت بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکان. واتە وڵاتان ناچار دەبن پارەی کەمتر خەرج بکەن بۆ مووچە، دروستکردنی قوتابخانە و نەخۆشخانە، پرۆژەکان و یارمەتییە کۆمەڵایەتییەکان، ئەمەش راستەوخۆ ژیانی هاووڵاتییان قورس دەکات.

ئەم دەزگا داراییە جیهانییە هۆشداری دەداتە سەرجەم حکومەتەکان کە ئەگەر لە ئێستاوە دەست بە چاکسازیی دارایی نەکەن، سیستەمی باج رێکنەخەنەوە و خەرجییە ناپێویستەکانیان کەم نەکەنەوە، ئەوا لە داهاتوودا قەیرانەکە گەورەتر دەبێت و چارەسەرکردنیشی باجێکی زۆر قورستری دەوێت.