هەڤاڵ ئەبوبەکر یادگاری خۆی دەگێڕێتەوە

“مامۆستا دوای ئێمە نەهاتووە و پێش ئێمە بڕواتەوە”

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

پارێزگاری سلێمانی دەڵێ، لە ژیانی خوێندنی خۆی نەیبینوە مامۆستا دوای ئەوان بێت و پێش ئەوانیش کە خوێندکار بوون بڕواتەوە، وە دەڵێ، رەنگە هەمووان شایەتییان بۆ بدەن، ئەولەویەت لای ئەوان کەرتی پەروەردە بووە.

ئەمڕۆ یەکەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە سلێمانی و شارەکانی کوردستان لێدرا، لە ساڵی نوێی خوێندندا زیاتر لە 123 هەزار قوتابی دەچنە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی، هەروەها ژمارەی قوتابخانەکان دەگاتە زیاتر لە حەوت هەزار و 590 قوتابخانە.

بۆ ئەمساڵی خوێندن، بەگوێرەی گۆڕانكارییە زانستییەكان و پێداویستییە پەروەردەییەكان، گۆڕانكاری لە پرۆگرامەكانی خوێندن كراوە، بەشێوەیەكی گشتی 110 پەرتووكی خوێندن لە سەرجەم قۆناغەكان گۆڕانكاریی تێدا كراوە و گۆڕدراون.

پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر بە 964ی وت، ئەمڕۆ لە پارێزگاری سلێمانی زیاتر لە 410 هەزار قوتابی دەچنە ناوەندەکانی خوێندن و هیوای ساڵێکی سەرکەوتوویان بۆ دەخوازم، گەرچی لە ساڵی 2014 وە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بۆ سلێمانی نەهاتووە، بەڵام کەم خوێندنگا هەبووە دەستمان پێوەی نەبووبێ، بەڵام ئەوەش پێوستی بە هاوکاری حکومەت و کەرتی تایبەتە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا