800 دۆنمی سووتاند
دوای 72 کاتژمێر ئاگرەکەی شەمێران و شاخی زەواڵی کۆنتڕۆڵکرا
فەرهاد حەسەن
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، دوای 72 کاتژمێر تواندرا ئەو ئاگرەی لە سنووری چەند ناوچەیەکی دەربەندیخان کەوتبووەوە، کۆنتڕۆڵ بکرێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی پۆلیس، دوای ئەوەی ئاگرێکی رووبەر فراوان سنوری شەمێران و شاخی زەواڵی گرتەوە، دەستبەجێ مەفرەزەیەک لە کارمەندانی بەشی پۆلیسی دارستانی دەربەندیخان و خەڵکی دڵسۆز و ژینگەدۆستی سنورەکە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە .
ئاماژە بەوەکراوە، ئەگەرچی بەردەوام تیمەکان ئامادەبوون، بەڵام بەداخەوە سەختی و دژواری ناوچەکە و هەبوون و مەترسی تەقینەوەی مین رێگری سەرەکی بوو لە دواکەوتنی کوژاندنەوەی ئاگرەکە .
دەشڵێت، دواجار دوای هەوڵ و ماندووبونێکی زۆر لە دوای 72 کاتژمێری بەردەوام، توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت و لەئێستادا بەپێی دەرئەنجامە سەرەتاییەکان رووبەری 800 دۆنم زەوی لە پوش و پاوان و دارستانی سروشتی سووتاون و زیانیان پێگەیشتووە .
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی باسی لەوەشکردووە، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی هۆکاری سەرەکی کەوتنەوەی ئاگرەکە .