خورماتوو

لە بازگەیەک 342 پاکەت دەرمانی قاچاغ دەستی بەسەرداگیرا

سیروان خورشید – خورماتوو

هێزە ئەمنییەکان لە خورماتوو، بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی سەڵاحەدین، ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگریان لە نزیک بازگەی باکووری قەزاکە راگرت و بڕێکی زۆر دەرمانی قاچاغ و بێ‌ مۆڵەتی هەڵگرتبوو.

ئاشکرابوو، ئۆتۆمبێلەکە 342 پاکەتی دەرمانی جۆراوجۆری پێیە و هەر لەوێ دەستی بەسەرداگیرا.

محەمەد عەبدوڵا، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی خورماتوو، بە 964ی وت، لە ئەنجامی پشکنینی ئۆتۆمبێلەکەدا 342 پاکەتی جۆراوجۆری دەرمانی قاچاغ و بێ‌ مۆڵەت دەستبەسەرکراون و شۆفێرەکەشی دەستگیرکراوە.

بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ئۆتۆمبێلەکە لە پارێزگای کەرکوکەوە بەڕێکەوتبوو و شۆفێرەکەی نیازی هەبوو دەرمانەکان بگوازێتەوە بۆ شاری بەغدا.

بەرپرسەکەی پۆلیسی خورماتوو رایگەیاند، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ شۆفێرەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان لەسەر رووداوەکە بەردەوامن، دەرمانە قاچاغەکانیش هاوپێچی دۆسییەکە دەکرێن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا