لە هەڵەبجە و ئامێدى
هەرێمى کوردستان؛ لە دوێنێوە سێ گەشتیارى خنکاون
964+
وریا فەتاح
ئەم دوو رۆژە نەهات بوو بۆ گەشتیاران، لە کەمتر لە 24 کاتژمێرى رابردوودا سێ گەشتیارى بەنەتەوە عەرەب، لە ناوچە جیاجیاکانى هەرێمى کوردستان خنکاون، تەرمى دوانیان دۆزراوەتەوە و گەڕان بە دواى تەرمى یەکێکى تریاندا، بەردەوامە.
حاڵەتى یەکەم، دوێنێ شەممە لە ناو یەکێک لە مەزرەعە گەشتیارییەکانى گوندى ئینیشکێ لە قەزاى ئامێدى روویدا، ئەوەش دواى ئەوەى منداڵێک بەبێ ئاگادارى کەسوکارى دەچێتە ناو مەلەوانگەى باخەکە و دەخنکێت.
منداڵە کە ناوی (ئەوس حەسان) تەمەن هەشت بوو و لەگەڵ خێزانەکەى کە دانیشتووى موسڵن، روویان لە ناوچەکە کردبوو.
سێ کاتژمێر دواى ئەم رووداوە، لە دەورووبەرى کاتژمێر 3ـى دوانیوەڕۆ، لەسەیرانگای شێرانکێ لەناحیەی دێرەلۆک، گەنجێکی تەمەن 28 ساڵ کەدانیشتووی شاری بەغدا بوو، لەناو رووباری ناحیەی دێرەلۆک خنکا.
بەیانى ئەمڕۆش گەشتیاریکى دیکەى بەنەتەوە عەرەب کە تەمەنى 31 ساڵە و دانیشتووى بەغدایە، لە ناوچەی ئیمامی زامن لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و لەناو رووباری سیروان کەسێک خنکا و تا ئامادەکردنى ئەم هەواڵە تەرمەکەى نەدۆزراوەتەوە.